شوبات 21, 2020 09:21 Asia/Tehran
  • زانیارى ورد لەسەر گفتوگۆى شاندى هەرێم و عەلاوى

گفتوگۆکانى شاندى هەرێمى کوردستان و سەرۆک وەزیرانى راسپێردراوى عێراق هیچ ئەنجامێکى لێنەکەوتەوە و سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووش لە پەرلەمانى عێراق زانیاری نوێ لەبارەى گفتوگۆکانەوە ئاشکرا دەکات.

دوێنێ جارێکى دیکە شاندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوى سەرۆک وەزیرانى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەت کۆبوونەوەو تیایدا لەبارەى پرسى دیاریکردنى وەزیرەکان و شایستە داراییەکانى هەرێم و رێککەوتنەکانى پێشوو گفتوگۆیان کردوە.

جەمال کۆچەر سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى لەپەرلەمانى عیراق بەشارپرێسى راگەیاند" گفتوگۆکانمان لەگەل عەلاوى هیچ ئەنجامێکى نەبوو، چونکە ئەو سورە لەسەر ئەوەى وەزیرەکان خۆی دیاریان بکات و وەکو پارێزگاش مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات کە ئێمە وەک شاندى کوردى ئەوەمان قبوڵ نییە، چونکە ئەوە زیانى بۆ هەرێم دەبێت".

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو، ئاماژەی بەوەشکرد، کە عەلاوى پێیوتوون خۆى وەزیرەکان دیاری دەکات و بەهیچ شێوەیەکیش قبوڵى نییە هیچ لایەن و کەسێک تەداخول لە دیاریکردنى وەزیرەکان بکات.

هەروەها جەمال کۆچەر وتیشى" ئێمە بە عەلاویمان وت کە نابێت ئەو مامەڵەى پارێزگا لەگەڵ هەرێم بکات، چونکە هەرێم کیانێکى دەستورییەو حزبی تێدایەو نوێنەری هەیە لەپەرلەمانی عێراق،پێمان وت دەبێت ئەو مامەڵەى هەرێم لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکات".

ناوبراو روونیکردەوە، کە ئەوان وەک شاندى کوردی باسیان لە کەس نەکردوە بۆ ئەوەى بکرێتە وەزیر لە کابینەکەى عەلاویدا، بەڵکو بەوتەى خۆی ئەوان داکۆکیان لەسەر پێگەى هەرێم و لەسەر شایستە داراییەکان و بودجەو پارەى جوتیاران و پێشمەرگە کردوە، نەک ئەوەى کێ وەزیرى بەرکەوێت و کێ نەیبێت.

لەبەشێکى ترى لێدوانەکەیدا جەمال کۆچەر وتیشى، بڕیارە لەگەڵ عەمار حەکیم کۆببنەوە، ئەگەر کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەویش ئەنجامێکى نەبێت، رەنگە بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان و هەڵوێستی کۆتایی هەرێم لەسەر کابینەکەى عەلاوی رابگەیەنن.