راگێنراوی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له باره‌ی ده‌نگۆی وه‌رگرتنی 250 ملیۆن دۆلار بەرتیل
جووتیار عادل، وته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند، له‌باره‌ی وه‌رگرتنی بەرتیلی نه‌وت و ده‌نگۆی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ملیارێک دۆلاری هه‌رێم، سه‌رۆکی حکومه‌ت داوای کردووه سه‌رۆکایه‌تیی داواکاری گشتی ده‌ست به لێکۆڵینه‌وه بکات و به دواداچوون بۆ ئه‌و ده‌نگۆیانه بکرێن.
گوته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه، سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی وه‌رگرتنی دووسه‌د و په‌نجا ملیۆن دۆلار وه‌ک بەرتیلی نه‌وت له کۆمپانیای رۆسنه‌فت و هه‌روه‌ها ده‌نگۆی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ملیارێک دۆلاری هه‌رێم له وڵاتی لوینان، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دووپات ده‌کاته‌وه که سه‌رۆکایه‌تیی داواکاری گشتی پێویسته لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون بۆ ئه‌م ده‌نگۆیانه بکات و داواش له هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌کات له‌مباره‌یه‌وه هاوکاریی داواکاریی گشتی بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌کان بۆ خه‌ڵک ئاشکرا بکرێت.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌رکاربوونی کابینه‌ی نۆیه‌می حکومه‌تی ھه‌رێمی کوردستانه‌وه ، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌دیھێنانی شه‌فافییه‌ت له دام وده‌زگاکانی حکومه‌تدا، به‌تایبه‌تی له که‌رتی دارایی و داھاته‌کانی ھه‌رێمدا ئه‌رکێکی له پێشینه‌ی کابینه‌ی نۆیه‌م بووه و له سه‌ریشی به‌رده‌وام ده‌بین.
له لایەکی دیکەوە سه‌رۆکایه‌تی داواکاری هه‌رێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا له‌سه‌ر ده‌نگۆی 250 ملیۆن دۆلاره‌که‌ی ڕۆسنەفت داوای به‌ڵگه‌و ڕوونکردنه‌وه‌ی کردووە .