ئادار 30, 2020 15:57 Asia/Tehran
  • داواکارییەکانی کورد دەخرێتە بەردەم عەدنان زورفی

پارت و لایەنە رامیارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆدەنگ دان بە کابینەی عەدنان زورفی راسپێراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نووی عیراق چەند داواکارییەکی هەیەو لەگفتوگۆکان ئەو داواکارییانە دەخەنە بەردەمی.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کورد لەشاری بەغدا، داواکارییەکانی کورد خۆی لەچارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەولێرو بەغدا دەبینێتەوە، کە دەبێت عەدنان زورفی رازی بێت بەچارەسەرکردنی ئەو کێشانە.

هەر بەپێی سەرچاوەکە، کە قسەی بۆ شارپرێس کرد، یەکێکی تر لەداواکارییەکانی کورد، پرسی هێورکردنەوەی دۆخی کەرکوک‌و ناوچە کێشە لەسەرەکانە، بەتایبەت پرسی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە.

هەروەها پرسی دابیینکردنی موچەو بودجەی هەرێمی کوردستان یەکێکی تر لەداواکارییەکانی کورد دەبێت، کە بڕیارە بخرێتە بەردەم عەدنان زورفی.

چەند رۆژێکە دەزگاکانی راگەیاندن باس لەوە دەکەن، کە عەدنان زورفی راسپێردراو دەیەوێت لەچوارچێوەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا کۆببێتەوە.