نیسان 02, 2020 08:06 Asia/Tehran
  • پارێزگاری هەولێر هاتووچۆی کاژێر ١ ھەتا ٦ ی بەیانی بۆ هەندێک هاونیشتمانی بە مەرج ھەڵدەوەشێنێتەوە

پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەو ٧٢ کاژێرەی بۆ خەڵکی دیاریکراوە بۆ گەڕانەوەیان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە رایگەیاند، ئەو کەسانە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەبێت ئەو کارە بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد "لە دۆخێکی مەترسیدارداین". هاوکات بە مەرج رێگە بە هاتووچۆی هەندێک لە هاونیشتمانیان لە کاژێر ١ی شەو بۆ ٦ی بەیانی دەدات.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ئەوەشی  روون کردەوە کە، ئەوانەی دەیانەوێت لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە بچن، دەبێت لەڕێگەی ئۆنلاینەوە بچنە ناو ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆ، لەوێ فۆڕمێک پڕکەنەوەودواتر بە قبووڵکردن یاخود رەتکردنەوە نامەیەکیان بۆ دەچێت، پاشان دەتوانن لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانەوێت دیدار بکەن.

هەر لەبارەی چۆنێتی گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناو کەسوکاریان، پارێزگاری هەولێر گوتیشی، با خەڵک سەردانی پارێزگاکان نەکەن و تەنیا سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ بکەن.

سەبارەت بە هاتووچۆی ئەو کەسانەش کە کاری گرنگیان هەیە، پارێزگاری هەولێر گوتی "یەکی شەو تاوەکو شەشی بەیانی دەرفەت دەدەین بە کۆمەڵێک خەڵک کە کاری گرنگی وەک، باخداری، کێڵگە و پەلەوەریان هەیە و کاری گواستنەوەی کەلوپەل لە کۆگاکانیان ئەنجام دەدەن ھاتوچۆ بکەن ، ئەمەش بۆئەوەی کاروبارە گرنگەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەم رێگەپێدانە بۆ گەشت و سەیران و سەردانیکردنی خزمان و دۆستان نییە، ئەگەر ببینین خراپ سوود لە هاتووچۆی ئەو ماوەیە وەردەگیرێت، جارێکی دیکە ناچاردەبین ئەم دەرگایەش داخەینەوە".