نیسان 03, 2020 17:55 Asia/Tehran
  • نێچیرڤان بارزانى بە فەرمى داواى بڕەپارەیەک لە حکومەت و پەرلەمانى عێراق دەکات

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، نێچیرڤان بارزانی نووسراوێک ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکات بەمەبەستی تەرخانکردنی پارەیەک بۆ کەمدەرامەتانی هەرێمی کوردستان.

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی عیراق، رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتیی هەرێم لەو پرسەدا بەردەوام لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتە و سبەی یان دوو سبەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوێک ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکات و داوایان لێدەکات بڕە پارەیەک بۆ کەمدەرامەتان تەرخانبکەن تاوەکو هاوکاری کەمدەرامەتانی هەرێمی کوردستانی پێبکرێت.

هەریری ووتیشی لە چەند رۆژی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ عەدنان زورفی، بەربژێر بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کردووە و سەرۆکوەزیرانیش بەهەمانشێوە قسەی لەگەڵ کردووە لەبارەی پێکهێنانی کابینەکەی".

سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم پەیوەست بە پرسى پێکهێنانى حکومەتى عێراق و کاندیدى سەرۆک وەزیران، رونیکردوەتەوە، ئەوان پەسندی ئەو بەرنامەیان کردووە، کە عەدنان زورفی پێشکەشی کردووە. ئەگەر زورفی توانی لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن دانیشتنێک بکات، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هیچ گومانیان نییە پاڵپشتی دەکەن.

هەریری وتیشى"ئەو بڕیارانەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بەگشتی و بەتایبەتی وەزیرانی تەندروستی و ناوخۆ دەرکراون، پشتگیری تەواویان دەکەین. لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵین. سبەی یان دووسبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوێک ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکات و داواشیان لێ دەکات بڕە پارەیەک بۆ کەمدەرامەتانی کوردستان تەرخان بکەن، بۆ کەمئەندامان و ئەوانەی کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە، کە بەشی هەرێمی کوردستانیشی تیدابێت".