نیسان 05, 2020 18:19 Asia/Tehran
  • یەکێتی بۆ دیاریکردنی هەڵوێست لەبارەی کابینەکەی زورفی چاوەرێی گفتوگۆی لایەنە شیعییەکان دەکات

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر بنەمای کارنامەی حکومەت و وەزیرەکانی کابینەکەی هەڵوێستیان لەبارەی عەدنان زورفی سەرۆک وەزیری راسپێردراو راگەیاند، کە چاوەڕێی لایەنە شیعەکان لەو بارەوە دەکەن.

لەو بارەیەوە تەها حەمەد ئەمین پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وتی: یەکێتی هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ هیچ کەسایەتییەک نییە، کە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رادەسپێردرێت بەو مەرجەی بەرنامە حکومییەکەی و وەزیرەکانی حکومەتەکەی وەڵامدەرەوەی داوخوازی گشت لایەک بێت و گفتوگۆ لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان بکرێت و هەوڵی دوورخستنەوەو پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک نەدرێت.

وتیشی: یەکێتی بەوردی هەڵسەنگاندن بۆ کارنامەی حکومەت دەکات و دواتر لەکۆبوونەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵوێستی فەرمی خۆی ئاشکرادەکات.

لەدرێژەی قسەکانیدا پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە هێزە کوردییەکان چاوەڕێی ئەوە دەکەن بزانن دانوستانی کوتلە شعییەکان لەنێوان خۆیاندا لەبارەی پشتیوانیکردنی کەسی راسپێردراو بۆ  وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران بەکوێ دەگات.

رۆژی شەممە نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، کە عەدنان زورفی سەرۆک وەزیری راسپێرداو کارنامەی حکومەتەکەی رادەست کردوون.

عەدنان زورفی لەناوەڕاستی مانگی رابردوو لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق راسپێرا بۆ پێکهێنانی حکومەت‌و بەشێک لەلایەنە شیعییەکان رازی نین بەراسپاردنی.