نیسان 05, 2020 18:26 Asia/Tehran
  • بڕیار لەبارەی کەرەنتینکردنی گەڕەکی کارێزانی هەولێرەوە دەدرێت

ئەگەر زۆرە گەڕەکی کارێزانی هەولێر کەرەنتین بکرێت. پشکنینی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی گەڕەکەکە وەرگیراوە و وەزیری تەندروستی دەڵێت، ئەگەر دەرکەوت رێژەیەکیان کۆرۆنایان گرتووە، دەبێت هەموو گەڕەکەکە کەرەنتین بکرێت. تەنیا لە پرسەیەکی گەڕەکی کارێزاندا تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا 14 کەسی تووش کردووە.

لە گەڕەکی لە هەولێر لە پرسەی ژنێکی 62 ساڵدا 14 کەس تووشی کۆرۆنا بوون. بارزان موحسین یەکێک لە کەسوکاری ئەو ژنەیە کە 14 رۆژ لەمەوبەر گیانی لە دەستداوە. پشکنینی بۆ کراوە دەرکەوتووە کە تووشی کۆرۆنا نەبووە، بەڵام رۆژانە لەسەر هێڵە لەگەڵ کەسوکارەکەی کە تووشی کۆرۆنابوون.

بارزان موحسین، خاوەنی پرسەکەیە و دەڵێت، "پێیان گوتین کە قەرەباڵخی مەکەن، بەڵام لەنێو کورەواریدا باوە کە پرسە هەر خەڵکی بۆ دێت. پرسەکەی ئێمە سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکە بوو، هی دوای تەشەنەسەندنی نەبوو".

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، "لیستی ناوەکانیان دەهێنا. رۆژ بە رۆژ ناوەکانمان وەردەگرتن. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 14 تووشبوو ئەوانەن کە لەو پرسەیەدا بەرکەوتەی یەکدین. ئێمە هێشتا بەدوای تووشبوودا دەگەڕێین. هەر شوێنێک گومانمان لێیهەبێت کە تووشبووی تێدا زۆر بێت، ئەوا کەرەنتینی دەکەین".

ئەوانەی لە پرسەکەدا بەشداربوونە دەڵێن، بۆ هەردوو پرسەکە نزیکەی 150 کەس لە خزم و کەسوکاریان هاتوون، زۆربەشیان بۆ دەربڕینی هاوخەمی تەوقە و باوەشیان بەیەکدا کردووە و نزیکەی 30 کەسیان کەرەنتین کراون.