May 26, 2020 11:25 Asia/Tehran
  • رێواز فایەق:بە پێی یاسا ئەو قەرزانەی حکومەت وەریدەگرێت نابێ لە پێنج ملیار دۆلار زیاتر بێت، ئەوانەی سەرپێچی بکەن دەبێ رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:لە هیچ بارێکدا نابێت سەرجەمی ئەو قەرزانەی حکومەت وەریدەگرێت لە پێنج ملیار دۆلار زیاتر بێت،هەر بڕێک لەدەرەوەی ئەم بڕە ڕێپێدراوە قەرزکرابێت، سەرپێچی کردنی یاسایە و دەبێت پێش هەمووشت سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی‌ پەرلەمانی‌ ھەرێمی کوردستان لە پەیجی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لە فەیسبووک وای بڵاو کردووەتەوە کە ھەتا کۆتایی کارەکانی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم، هەرێم هیچ بڕە پارەیەک قەرزار نەبووە، چونکە لە یاسای بودجەی گشتی هەرێم بۆ ساڵی‌ ٢٠١٣ هیچ گوژمەیەک، چ بۆ دانەوەی قەرز و چ بۆ دانەوەی سوودی قەرز، دانەنراوە.

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسای ژمارە حەوتی ساڵی ٢٠١٥ی تایبەت بە ڕاکێشانی مایە لەڕێگای قەرزکردن لەهەرێم، لە هیچ بارێکدا نابێت سەرجەمی ئەو قەرزانەی حکومەت وەریدەگرێت لە پێنج ملیار دۆلار زیاتر بێت، کەواتە هەر بڕێک بەهەر بەهایەک لەدەرەوەی ئەم بڕە ڕێپێدراوە قەرزکرابێت، سەرپێچی کردنی یاسایە و دەبێت پێش هەمووشت سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

رێواز فایەق ئاماژەی‌ بۆ ئەوەش کردووە، لە ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی هەرێم هیچ پرۆژە یاسایەکی بودجەی گشتی نەناردووەتە پەرلەمان بۆیە هەر گوژمە پارەیەک بۆ هەر بوارێک ئاڕاستە کرابێت و بە هەر شێوەیەک داهاتی داپۆشەری ئەو خەرجیانە وەدەستهاتبن، بنەمای یاسایی دروستیان نییە.

سەرۆکی‌ پەرلەمان راشیگەیاندووە، ئەگەر حکومەتی هەرێم لە ماوەی پێنج ساڵ، بەدەر لەئاگاداریی پەرلەمان، بەبێ خشتەی قەرزەکان و لە تاریکیدا مانەوەی قەرزدەرەکان و بڕی قەرزەکان و نرخی سوودی سەر قەرزەکان و کاتی دیاریکراوی دانەوەیان، بڕی ٢٧ ملیار دۆلاری تەنها بۆ بودجەی بەکاربردن و بە دیاریکراوی بۆ موچە قەرز کردبێت، ئەوا بە پێوەری کاری دەوڵەتداری و جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان حکومەتی هەرێم، یەک دۆلار قەرزار نییە جگە لە موچەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی‌ بەڵێندەران و سەرمایەداران.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٢٢ی ئەم مانگەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێم بڕی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە، بەشێکی زۆری ئەو قەرزانەش لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە، بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەکانی پێشووی عیراقەوە.

سەرپەیڤ