May 31, 2020 16:08 Asia/Tehran
  • نادیار بوونی سەرچاوەی تووشبوونی خەڵک بە کۆرۆنا لە ھەرێم

وتەبێژی وەزاڕەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیاند : " ئەوەی جێی مەترسییە لای ئێمە ، ئەوەیە کە سەرچاوەی تووشبوونی نەخۆشەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نادیارە".

 

 بە پێی ھەواڵی مێدیاکانی ھەرێم ، د. محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٠ ڕایگەیاند" رەوشی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکسان نیە ، بەشێکیان تەندروستییان جێگیرە و بەشێکیشیان پێویستیان بە ئۆکسیژێنە  و بە ئاسانی هەناسەیان پێ‌ نادرێت".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم وتیشی: " ئەوەی جێی مەترسییە و پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن و گرنگی بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بدەن، ئەوەیە کە سەرچاوەی تووشبوونی بەشێکی ئەو کەسانە نیشانەکانیان لێ‌ دەرکەوتووە  نادیارە، بۆیە نازانرێت چەند کەسی تری تووشی ڤایرۆسەکە بووە، دەبێت هاووڵاتییان مەترسییەکە بە گرنگ وەربگرن".

لە بارەی قەدەغەی هاتووچۆ د. محەمەد قادر خۆشناو ڕاشیگەیاند: " هەتا ئێستا هیچ بڕیار و پێشنیارێک نییە بۆ قەدەغەی هاتووچۆ، تەنها داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە زیاتر پابەندی ڕێنماییەکان بن".

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێ، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان ٦٠٦ تووشبوون، لەناویاندا شەش مردن هەیە و ٤٠٩ نەخۆش چاک بوونەتەوە، لە ئێستاشدا ١٩١ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکیدان.