ئه‌یلوول 13, 2020 09:24 Asia/Tehran
  • پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق دیاریکرا

ئەندامێکی کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020 پشکی هەرێمی کوردستان بە 12 تریلیۆن دینار دیاریکراوە.

 

شیروان میرزا، ئەندامی کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، "لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020 پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بریتییە لە 12.67% و دەکاتە 12 تریلیۆن دینار، موچەی پێشمەرگەش لەو بودجەیەدا بۆ 67 ملیار دیناری مانگانە زیاد کراوە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ئاشکراکرد، "بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر پرۆژەبودجەکە بدرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و ببێت بە یاسا".

"دیاریکردنی ئەو بڕە بودجەیە لە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق بووە، کە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عێراق بکات، لەگەڵ ڕەوانەکردنی نیوەی داهاتی خالە سنورییەکانی هەرێم بۆ عێراق، لە بەرامبەردا حکومەتی ناوەندیش پابەندی ئەو بودجەیە دەبێت"، وەک شیروان میرزا وتی.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێم پێی ڕاگەیاندوون پابەندی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت، وتیشی، "گەر حکومەتی هەرێم پابەند نەبێت ئەوا حکومەتی ناوەند پابەندی ئەو بودجەیە نابێت و پارە بۆ هەرێم نانێرێت".

سەرپەیڤ