ئه‌یلوول 17, 2020 12:57 Asia/Tehran
  • سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە دەزگا ئاسایشتییەکانی ھەرێم دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی قۆڵبەستکردنی خێرای تاوانبارەکەی کوشتنی بنەماڵەکوردەکەی دانیشتووی بەغدا دەستخۆشی لە دەزگا ئاسایشتییەکانی ھەرێم دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی کوشتنی خێزانە کوردەکەی شاری بەغدای کرد و دەستخۆشی لەدەزگاکانی ئاسایشتی شاری هەولێریش کرد لەدۆزینەوەی تۆمەتبارەکە لەنزیکترین کاتدا.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا وێڕای ئیدانەی کردنی کوشتنی خێزانە کوردەکەی شاری بەغدا راشیگەیاند: وێڕای  هاوخەمیی و سەرەخۆشیکردن لە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو «دارا رەئوف» کە بەداخەوە لە شاری بەغدا بە شێوەیەکی دڕندانە خۆی و هاوسەری و کچێکی شەهیدکران، ئەم  تاوانە بە توندترین شێوە  ئیدانە دەکەم، لە هەمانکاتدا دەستخۆشی لە دەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێریش دەکەم کە توانیان بە زووترین کات، تاوانباری سەرەکی دەستگیر بکەن . دەستی ماندووی یەک بە یەکیان دەگوشم و پێیان دەڵێم ئیوە جێی شانازیی ئێمەن.

جێگای ئاماژەیە درەنگانی شەوی ١٥ی ئەم مانگە، خێزانێکی سێ کەسیی کورد لە بەغدا و لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران و بکوژەکەشیان دوای ئەو کارەی بەرەو ھەولێر ھەڵھات کەچی دەستبەجێ لە لایەن ھێزەکانی ئاسایشتی ھەرێمەوە ناس ناسرایەوەو قۆڵبەست کرا.