هاوژینی کاوه گهرمیانی: تا ئێستا لە ھیچ دۆسیهیەکی تیرۆردا، تیرۆرکەران سزا نەدراوان و دۆسییەکانیشیان لەدادگاکانی کوردستان داخراون
شیرین ئهمین، هاوژینی رۆژنامهنووسی تیرۆرکراو کاوه گهرمیانی لە نامهیهک دا بۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاندووە: تا ئێستا لە ھیچ دۆسیهیەکی تیرۆردا، تیرۆرکەران بەسزای یاسایی نەگەیهنراون و دۆسییەکانیان لەدادگاکانی کوردستان داخراون، لەم ڕوانگەیەوە وەک خێزانی شەھیدی قەڵەم کاوەگەرمیانی و ھاوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سکاڵا لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆماردەکەم.
شیرین ئهمین، لە نامهکەی دا بۆ سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ڕایگهیاندووه: من پەرلەمانتارى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان داوا لەبەرێزتان دەکەم لەسەر تیرۆرکردنى رۆژنامەنووسانى کوردستان، لێژنەیەکى یاسایى دروست کەن و بەدواداچوون بۆ کەیسى ئەو رۆژنامەنووسانە بکەن کە چەند ساڵە لەهەرێم بەشێوەیەکى گوماناوى قوربانى کەمێردى خۆم «کاوە گەرمیانى» یەکێکە لەقوربانییەکانەو تا ئێستاش هیچ لە بکوژانى رۆژنامەنووسان ئاشکرا نەکراون.
ناوبراو باسی لهوهشکردووه کە: دواى گرتنە بەرى دادگا و بەدواداچوونى کەسوکارى قوربانییەکان، تاکو ئیستا ھێندێک لەو کەیسانە بەهۆى ئاشکرا نەکردنى بکوژانەوە بەکراوەیى ماونەتەوە و کەچی ھیچ ھەنگاوێکی بەبڕشتانەش لەم بوارەدا ھەڵنەگیراوە.
شیرین ئهمین ئەوەشی نووسیوه: من خاوەن قوربانى و وەک پەرلەمانتارێکى هەرێم داواتان لێدەکەم کەیسى تیرۆکردنى رۆژنامەنووسانى کوردستان وەک کەیسێکى ھاوپەیوەند بە بە ئازادیی رادەربرین و پرسێکى یاسایى لەبەرچاو بگرن و لیژنەى بەدواداچوون لەسەر ئەو تیرۆرانە دروست بکەن.