تشرینی یه‌که‌م 24, 2020 14:13 Asia/Tehran
  • ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر باش

ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە چاو ساڵی پار زیادی کردووە کەمی نەکردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە دیمانە لە گەڵ هەواڵنێری مێهردا وتی:  ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تیجاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئێستا گەیشتووەتە ئاستێکی باش و لە چاو ساڵی ڕابردوو باشترە و بەرز بووەتەوە .

وتیشی: لە ڕەوتی بازرگانی کردن لە گەڵ ئێراندا هیچ کێشەیەکی ئەوتۆمان نییە بە نیسبەت ئەو کاڵا و شتومەکانەی کە لە ئێرانەوە دێتە ناو هەرێمی کوردستان .بەڵام هەندێ جار کێشە دروست دەبێت کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ خوار و ژوور کردنی بەهای دراو و ڕیاڵی ئێران بە تایبەتی لەم ڕۆژانەدا لەوانەیە کاریگەری نەرێنی هەبێت لە سەر سەقامی بازرگانیی کاڵا.

ئەوەشی وت کە ماوەیەک لەمەوپێش کێشەی تانکەری سووتەمەنیمان هەبوو  کە ئەویش بە هۆی کۆرۆناوە بوو و ئەوەی کە تانکەرە ئێرانیەکان نەدەهاتنە ناو هەرێمی کوردستان .خۆشبەختانە توانرا باری تڕانزیتەکان ئاسایی بکرێتەوە و تانکەرە ئێرانیەکان بێنە ناو خاکی هەرێم و لە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەو بارە سووتەمەنیانە پەخش بکرێتە بە سەر قەزا و ناحیەکان و شارەکانی هەرێمدا.

سیروان محەمەد وتیشی : بوونی ئەو کێشەیە بە ڕاستی خەسار بوو بۆ بازرگانی هەرێم و تێچووی زۆری لە سەریان دەخست و بە هۆی گواستنەوەی سووتەمەنیە لە تەنکەرێکەوە بۆ تەنکەرێکی تر ڕێژەیەکی زۆری لێ دەچوو و بازرگان زەرەرمەند دەبوو.

سەبارەت بە چونیەتی چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە سەرۆکی ژووری بارزانی سلێمانی ڕایگەیاند: وەفدی بەرپرسانی ئێرانی و لایەنی هەرێمی کوردستانیش چەندین دانیشتنیان ئەنجام دا و ئەو کێشەیە ئێستا چارەسەر بووە بەڵام  بەداخەوە هیچ کام لە ژوورە بازرگانیەکان نەک لە هەرێم و نە لە ئێرانیش بەشدارییان لەو کۆبوونەوانەدا نەبووە لە حاڵێکدا کە بازرگان دەزانێ کێشەکان چین و چارەسەریان بە چی دەکرێت و چ خەسارێک لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دوو لایەن دەدات.

سیروان محەمەد لەبارەی کێشەی پڕۆژەی شارۆچکە پیشەسازییە هاوبەشەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان کە بڕیار بوو چەند ساڵ لەمەوپێش دروست بکرێت ، وتی: دروست کردنی ئەو شارۆچکەیە لە پەروێزخان گەیشتووەتە ئەنجام  و زەوینی بۆ تەرخان کراوە و بڕیارە کۆمپانیایەکی ئێرانی و وەبەرهێنەرێکی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی پڕۆژەکەی جێبەجێ بکەن.

ئاماژەشی دا کە ڕەزامەندنی کۆتایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ئەم پڕۆژە هێشتا وەر نەگیراوە و هیوادارین بە زووترین کات کارەکانی ئەنجام بدرێت و ئەو شارۆچکە پیشەسازییە بکەوێتە گەڕ و ئەوەشمان پێشتر داوا کردووە کە لەو شارۆچکە پیشەسازییە هاوبەشیەدا ئێران سووتەمەنی و کارەبا بە نرخی ناو ئێران دابین بکات تاکوو ئەو پڕۆژەیە سەرکەوتنی چاوەڕوان کراو وەدەست بێنێت.

سەرپەیڤ