تشرینی یه‌که‌م 29, 2020 22:35 Asia/Tehran
  • لە ھەولێر ئاھەنگێک بە بۆنەی یادی لەدایک بوونی پێغەمبەری سەردار(ص) بەڕێوەبرا

جەماوەری شاری ھەولێری ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی ١٢ی ڕەبیعولئەووەڵەوە ئاھەنگێکیان بۆ یادی لە دایک بوونی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام حەزرەتی موحەممەدی موستەفا(ص) بە ڕێوە برد.

ڕۆژی ١٢ی ڕەبیعولئەووەڵ لە ڕوانگەی ئایینزای سوننەوە ساڵگەڕی لە دایک بوونی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام حەزرەتی موحەممەدی موستەفا(ص) ـە و بە بۆنەیەوە جەماوەری شاری ھەولێری ھەرێمی کوردستانیش ئاھەنگێکیان بە بۆنەی ئەم یادەوە بەڕێوە برد.

لە ئاھەنگەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ھەرێم  لە بەردەم قەڵای هەولێر و لە نێو بازاڕی گەورە یادی مەولوودی پێغەمبەر حەزرەتی محەمەد (ص) کردەوە. ھەر لە ئاھەنگەکەدا کۆمەڵەی قورئانخوێنانی کوردستان بە گوتنەوەی سرودی ئایینی و موناجاتی ئیسلامی بەشدارییان کردو، پیاوانی تەریقەتیش بە گوتنەوەی سروودە ئایینەکان بەشداریی ڕێ و ڕەسمەکەیان کرد.

کاسبکاران و دوکاندارانی شاری ھەولێریش بەش بە حاڵی خۆیان بە بەخشینەوەی شەکراوو شیرینی یادی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر حەزرەتی محەمەد (ص)یان کردەوە.

جێگای ئاماژەیە لە ئێراندا ڕۆژانی ١٢ ھەتا ١٧ی ڕەبیعولئەووەڵ وەک حەوتەی وەحدەت و یەکگرتن ناودێری کراوە.

سەرپەیڤ