ئه‌یلوول 26, 2015 17:52 Asia/Tehran
  • ڕق و تووڕه یی جیهانیی لە داگیرکاری وسەرکوتکاری یەکانی ئالی خەلیفە لە بەحرەین

ناڕەزایەتییەکانی نێودەوڵەتی بەرامبەر سەرکوتکارییەکانی ئالی خەلیفە لە بەحرەین درێژەی هەیە .

لەم بوارەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی بۆ داکوکی کردن لە بەندییانی رامیاریی بەحرەین، لە شاری بارسێلۆنای سپانیا کۆبوونەوەی ناڕازیانەیان بەڕێوە برد .
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی هەینی بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی هاوپشتی دەربڕین لەگەڵ چالاکانی بەحرەینیی بەند کراو لە بندیخانەکانی ڕژێمی ئالی خەلیفە، لە شاری بارسێلۆنا، خوازیاری ئازاد کرانی ئەم بەندیانە و وەستانی هەڵمەتی گرتنی چالاکانی سیاسی و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە بەحرەین بوو.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانی دا وێڕای پێداگری لەسەر ئاڵۆزتر بوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە بەحرەین، جیددی نەبوونی کۆمەڵگەکانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم پرسە و هەروەها ئەوەی ئەم ڕژێمە لەلایەن هەندێ دەسەڵاتی بەهێزەوە داکۆکی لێ دەکرێت، بە هۆی توندتر بوونی بن پێکرانی مافی مرۆڤ لەم وڵاتە زانی.
ئەم دواییەش دانمارک لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخکراوی نەتەوەکان لە ژنێڤ، وێڕای ڕاگەیاندنی نیگەرانی لە درێژەی گرتنی چالاکانی مافی مروڤ وەک عەبدولباری خەواجە لە بەحرەین و ئەشکەنجەدانیان ، داوای ئازاد کرانی هەموو بەندیانی سیاسی و وەستانی خراپ جووڵانەوە لەگەڵ ئەوانیان کرد.
بەحرەین لە چواردەی فڤرییەی ساڵی 2011 ەوە گۆڕەپانی ڕاپەرینی ئاشتیانەی جەماوەری بەدژی ڕژێمی ئالی خەلیفەیە.
ڕژێمی بەحرەین ئەم ناڕەزایەتیانەی بە هاودەستیی هەندێ وڵاتی دیکە لەوان عەرەبستان سەرکوت دەکات و ناڕازیان دەگرێت و لەبەندیخانەیان دەخا.
ئەمەش لە بارودۆخێک دایە کە ڕژێمی ئالی خەلیفە ڕەخنەی دانیمارک لە درێژەی گرتنی چالاکانی مافی مرۆڤی بەحرەینی وەک دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی بەحرەین زانی.
لە درێژەی هەوڵی جیهانی بەدژی ڕژێمی سەرکوتکاری ئالی خەلیفە هەواڵەکان باسی بەرزکرانەوەی سکاڵا بەدژی دادئەستێنی گشتیی بەحرەین لە سویس دەکات .
لەم بوارەدا چالاکێکی بەحرەینی ماوەیەک لەمەوبەر سکاڵایەکی لە سویسرا بەدژی عەلی فەزل ئەبووعەینەین دادئەستێنی گشتیی بەحرەین لەبەر ئەشکەنجەی بەندییەکان خستە ڕوو و داوای گرتنی ناوبراوی کرد .
جەعفەر حەسابی ، شارومەندی بەریتانی کە لەدایکبووی بەحرەینە ئەم سکاڵایەی لەسەر پشتیوانیی چوار دامەزراوەی چالاک لە کاروباری دادەڤانی و مافی مرۆڤ، ڕادەستی کاربەدەستانی دادی ناوچەی بێرنی پێتەختی سویس کردووە.
ڕێکخراوی نادەوڵەتیی " ناوەندی مافی مرۆڤ و یاسای بنەڕەتیی ئەوروپا" سەقامگرتوو لە بێرلین، دامەزراوەی مافی مرۆڤی "ردرس" لە لەندەن، دامەزراوەی بەحرەینیی ماف و دیمۆکراسی لە لەندەن و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "تریال" لە ژنێڤ لە ناڕازی بەحرەینی داکۆکییان کردووە.
ولفگانگ کالک سکرتێری گشتیی ناوەندی مافی مرۆڤ و یاسای بنەڕەتیی ئەورووپا ڕایگەیاند: دەرفەتێکی باش بۆ سەلماندنی جیددی بوونی کۆنوانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەدژی ئەشکەنجە و جێبەجێ کردنی یاساکانی دادەڤانی دەستەبەر کراوە.
کارلا فرستمەن بەڕێوەبەری دامەزراوەی مافی مرۆڤی "ردرس"یش لەم بارەوە وتی : جەعفەر حەسابی کەوتوەتە بن ئەشکەنجەی زۆر و هەر کەس و لەهەر شوێنێک دا کە بەرپرسی وەها کردەوەیەک بێت دەبێ بسپێردرێتە دەستی یاسا و دەبێ لە هەر دەرفەتێک بۆ ئەم کارە کەڵک وەرگیردرێ.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەم دواییە سی و دوو وڵات لە ڕژێمی ئالی خەلیفە داوایان کردووە ڕێز لە مافی مرۆڤ لە بەحرەین بگرێ.
سویس ماوەیەک لەمەوبەر بەیاننامەی تاقمی پێکهاتوو لە 32 وڵاتی ڕادەستی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ژنێڤ کرد کە لەودا داوا لە بەحرەین کرابوو تەگبیرێکی زۆرتر بۆ دەستەبەرکردنی مافی مروڤ لەم وڵاتە بگرێتە بەر.
وڵاتانێک کە ئەم بەیاننامەیەیان مۆر کردووە، ڕایانگەیاند: ڕەوشی مافی مرۆڤ لە بەحرەین هۆی نیگەرانی یە.