تشرینی یه‌که‌م 07, 2017 10:52 Asia/Tehran
  • سوپاس و پێزانینی مێژوویی لە مام جەلال

جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتمانی پاش نیوەڕۆی سێشەممە 3ی ئۆکتۆبەری 2017 لە تەمەنی 84 ساڵاندا کۆچی دوایی کرد.

پاش ڕاگەیندرانی هەواڵی کۆچی دوایی مام جەلال، برووسکەیێکی زۆری سەرەخۆشی لە لایان سیاسەتوانانی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەسەڵاتدارانی حکوومی و ڕێبەرانی عێراقی، کاربەدەستانی وڵاتانی ناوچەکە، ئاراستەی بنەمالەی تاڵەبانی و یەکیەتی و جەماوەری کوردستانی عێراق کرا. لەم نێوەدا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە شێوەیێکی بەربڵاو بە بەڕێکردنی چەند برووسکەیێک ئاماژەیان داوەتە دەوری کارامەی جەلال تاڵەبانی لە گۆڕانکارییەکانی وڵاتی عێراقدا.

خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی - سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق

دکتۆر حەسەن ڕوحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە برووسکەیێکدا وێڕای سەرەخۆشی کردن بە بۆنەی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق ڕایگەیاند: خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی، کەسایەتی و سیاسەتوانێکی کارامە بوو کە ساڵانی تەمەنی پڕ هەوراز و نشێوی خۆی تەرخان دایە خەباتی دژی زوڵم، ملهوڕی و هەوڵدان بۆ یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی عێراق.

دکتۆر محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وێڕای سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی نووسیویەتی: " ئەو (جەلال تاڵەبانی) یەکێک لە کەسایەتییە شوێن دانەر و خێرخوازەکانی عێراق بوو کە تەمەنی خۆی لە پێناو ئازادی، بایەخ و سەربەخۆیی نەتەوە و وڵاتەکەی و هەروەها پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی و یەکگرتوویی وڵاتی عێراق تەرخان دا.

عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شەورای ئیسلامیی ئێرانیش گوتی: " جەنابی بەڕێز جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق کە لە کەسایەتییە خەباتگێڕ و هەڵکەوتەکان لە پێناو خەباتی دژی ڕژێمی سەددام بوو و هەروەها لە پێکهاتنی داڕشت و نیزامی نوێی عێراق و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی،  دەورێکی کارا و گرینگی هەبوو، بەردەوام لە سەردەمی سەرۆک کۆمارییەکەیدا پەیوەندییەکی باش و سازێنەری بوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە ڕاستی دەبێ بەڕێزی لە کەسایەتییە نێوبەدەرەوەکانی مێژووی عێراقی هاوچەرخ بزانین.

بەشداری بەربڵاوی خەڵک لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی بەڕێز جەلال تاڵەبانی

ئەمیر دەریابان عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش لە وەسفی کەسایەتی جەلال تاڵەبانی نووسیویەتی:"مام جەلال خەباتگێڕێکی ماندوویی نەناس و لە سیاسەتوانانی وریا و چاو لە داهاتوو بوو کە لە پێناو ئازاد کردنی سەرزەوی و جەماوەری عێراق لە ستەمی دیکتاتۆریەتی سەددام و حیزبی بەعس، گیانبەختکەری زۆری کرد و پاش ئەوەش هەموو هەوڵی خۆی لە پێناو گەڕاندنەوەی عێراق بۆ جێ و شوێنی نێودەوڵەتی و شکۆی ڕابردوو و زیاتر کردنەوەی ڕۆڵ و دەوری ناوچەیی ئەو، خستە گەڕ.

ئامادە بوونی کاربەدەستانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە رێوڕەسمی ئەسپەردە کردنی تەرمی مام جەلال

سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ئەنجامدا نووسی: مام جەلال بە تەگبیرەوە ژیا و لە ژیانی پڕبایەخی میراتێکی گرانبایی بۆ جەماوەری عێراق و هۆگرانی خۆی لەوانە لە ئێراندا بەجێهێشت و منیش ئازیەتباری کۆچی دوایی هاوڕێی لە مێژینە و هاوڕەزمی نزیکی خۆمم.

هەڵوێستەکانی کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ ستایشی کەسایەتی ڕێبەری کەم وێنەی کوردستانی عێراق، ئەوپەڕی پەژارەی ڕێبەرانی ئێران لە کۆچی دوایی ئەم چریکە پیر و سیاسەتوانە شارەزایە دەردەخات.

سەرپەیڤ