کانونی دوھەم 04, 2019 16:38 Asia/Tehran
  • توانای مووشەکیی ئێران بەدەر لە ئیرادەی ئەمریکا

هەوڵ و هەنگاونانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەئاراستەی پێشکەوتنی زانستی بۆ وێنە لەمەڕ ناردنی سەتەلایت هەڵگر بۆ بۆشایی ئاسمان و هەروەها بەرزکردنەوەی توانای مووشەکی، جارێکی دیکە کاربەدەستانی ئەمریکا ناچار کرد کاردانەوە پێشان بدەن.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنج شەممە بە بۆچوونی خۆی وشداریی دا بە ئێران لەمەڕ گەشەپێدانی بەرنامەی ئاسمانیی و مووشەکییەکەی و داوای لە ئێران کرد، هەرچەشنە چالاکیی هاوپێوەند بە مووشەکە بالستیکییەکان ڕابگرێ . بە ئیدیعای وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەرنامەی مووشەکیی ئێران، پێشێلکردنی بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکانە.

"مایک پۆمپێئۆ" هەروەها ئیدیعای کرد، تەکنۆلۆژیای بەکارهێنراو لە بەرنامەی ئاسمانگەڕیی ئێران، هەمان تەکنۆلۆژیایە کە دەتوانێ لە گەشەپێدانی مووشەکە بالستیکییەکان، کەڵکی لێ وەربگیردرێ.

ئەو چەشنە هەڵوێست گرتنەی کاربەدەستانی ئەمریکی، بابەتێکی نوێ نییەو دواجاریش نابێ. حکومەتی ئێستای ئەمریکا هەردەم لەدژ ئێران شێوازێکی دوژمنکارانەی لەبەرنامەی کاردا هەیەو جار ناجارێک بەبیانووی جۆراوجۆر و بە سێرەگرتن لە پێشکەوتنی ئاسمانگەڕیی و مووشەکیی ئێران، بە بۆچوونی خۆی هەڕەشەو مەترسییەک بە جیهان دەناسێنێ.

ئەو ڕەوتەی ئەمریکا کە ڕیشەی لە دوژمنیی قووڵ لەگەڵ گەل و نیزامی ئێرانداکوتاوە، لە چل ساڵی ڕابردوودا بەچەشنی جۆراوجۆر پێوشوێن گیراوەو ئەمڕۆش کە شۆڕشی ئیسلامی جێژنی چل ساڵانی خۆی لەبەردەم دایە، دوژمنایەتی ئەمریکا لەگەڵ گەلی ئێران گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی.

دوژمنیی ئەمریکا لەگەڵ گەلی ئێران هەردەم هاوڕێ بووە لەگەڵ بایکۆت و گوشاری ئابووری و سیاسی و خاڵی جێی سەرنج لەوبارەوە، پێشکەوتنی ئێران لەبوارە جیاجیاکانە لەسای هەر ئەو گەمارۆ و ئابلۆقانەوە.

سەرکەوتن و پێشکەوتنی ئێران لەبواری جیاجیای وەک ئاسمانگەڕیی و مووشەکی پێشاندەری ناکارامەیی سیاسەتی گەمارۆیی ئەمریکایەو هەر ئەو بابەتە، بووەتە مایەی تووڕەیی کاربەدەستانی ئەمریکی بۆیە هەوڵ دەدەن بە چەواشەکاری و شرۆڤەی ناڕاست، بەرنامەی مووشەکی ئێران بە هەڕەشەیەک بۆ جیهان بناسێنن.

بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەک بەڵگە هێناویەتییە ئاراوە، ئێران لە تاقیکردنەوەی مووشەکیی قەدەغە ناکاو لەبواری ئاسمانگەڕییش هیچ بەرتەسکییەکی جیهانی لەدژ ئێران لەئارادا نییە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدا ئێران بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی٢٢٣١ تۆمەتبار دەکا کە حکومەتی ئێستای ئەمریکا بە پێشێلکردنی ئەو بڕیارنامە ، سەرەنجام لە "ڕێککەوتنی ئەتۆمی" کە پاڵپشتە سیاسییەکەی بڕیارنامەی٢٢٣١ ـە، کشایەوە.

هەرلەوبارەوە، "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران سەرلەئێوارەی رۆژی پێنج شەممە لەکاردانەوە بە بانگەشەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وتی: هاوێژرانی سەتەلایت هەڵگر و تاقیکارییە مووشەکییەکانی ئێران، پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش نییە. زەریف وتی: ئەمریکا خۆی ئەو بڕیارنامەی پێشێل کردووە بۆیە، لە جێگەو شوێنێکدا نییە کە بتوانێ لەبارەیەوە قسە بکات.

توانای بەرگریی بۆ وێنە دەسەڵاتی مووشەکی یەک لە فەکتەرە کارتێکەرەکانە لە دەسەڵاتدان بە وڵات و ئێران لەو چوارچێوەدا بەپاڵپشتی توانای ناوخۆیی لەئاراستەی پێشکەوتن و وردبوونەوە هەنگاوی ناوە. ئەمڕۆکە توانای مووشەکیی ئێران، فەکتەرێکی دڵنیاکەرە لە بەرەڤانی کردن لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتدا.

دەسەڵاتی بەرەڤانیی ئێران لایەنی پێشگرانەی هەیەو هیچ مەترسییەکی بۆ وڵاتانی ناوچە نابێ. بەهێزکرانی دەسەڵاتی بەرگریی مافی ڕەوای هەر وڵاتێک بۆ وێنە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە . زەخت وگوشار و چەواشەکاریی ئەمریکا لەوبارەوە، ئێران ناچار بەپاشەکشە ناکا.

دەسەڵاتی مووشەکیی ئێران، لە دەسکەوتەکانی چل ساڵانی شۆڕشی ئیسلامییەو ئێرانی خستووەتە ریزی وڵاتانی بەهێز لەوبوارەدا. هەرلەوبارەوە، سەرتیپ "یەدوڵڵا جەوانی" جێگری سیاسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی رۆژی پێنج شەممە لە کۆبوونەوەی مامۆستایانی قوتابخانەو زانکۆکان و خوێندکارانی بەسیجیی پارێزگای ئیسفەهان، ناوەندی ئێران، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لەباری دەسەڵاتی مووشەکی، یەک لە چوار وڵاتی یەکەمی جیهانە.

سەرپەیڤ