تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 15:20 Asia/Tehran
  • ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: ئێران بۆ بەرھەمھێنان و ڕاگرتنی بۆمبای ناڤۆکی پارە خەرج ناکات

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە ھەڵوێستی لێبڕاوانەو بوێرانەی کۆماری ئیسلامی لە مەڕ حەرام بوونی شەرعیانەی کەڵک وەرگرتن لە بۆمبای ناڤۆکی پێی داگرت: ئێران بۆ بەرھەمھێنان و ڕاگرتنی بۆمبای ناڤۆکی پارە خەرج ناکات.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری دووھەزار کەس لە بلیمەتانی لاو و لێھاتووە ھەڵکەوتەکانی بواری زانستیی ئێران وتیشی: ئێمە سەرباری ئەوەی کە دەمانتوانی لە ڕێگایەدا ھەنگاو ھەڵگرین، بە پێی حوکمی ئیسلام، بەکارھێنانی چەکی ناڤۆکیمان بە حەرامی شەرعی ڕاگەیاند، کەوا بوو ھیچ ھۆیەک بەدی ناکرێت کە بۆ  بەرھەمھێنان و ڕاگرتنی چەکێک کە بەکارھێنانی بەشێوەیەکی ڕەھا حەرامە، پارە خەرج بکەین.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ھونەری شۆڕشی ئیسلامیی لە بوێری خستنە بەر ھەمووان  بۆ خۆ تێگەیاندن لە بابەتگەلێکی دژوار لەوانە بوارگەلی زانستی دا دیتەوە کە تەنانەت بووەتە ھۆی ستایشی دوژمنانیش و وێڕای وەبیر ھێنانەوەی نمونەگەلی پڕلەشانازیی بواری زانستیانەی وڵات،وتیشی: کەڵک وەرگرتن لە بارستایی زانستی لە بوارگەلی جۆربەجۆر، بەرزکرانەوە ئاستی ھێزی بەرەڤانی، داوودەرمانی پێشکەوتەی پزیشکی و کۆنترۆڵی نەخۆشیەکان، بوارگەلی ئەندازیاری، تەکتۆلۆژیای ژینگە و وەبەرھێنانی بەرھەمگەلی پتەو بە تەکنۆلۆژیای تانۆ و تەکنۆلۆژیای ئاشتیانەی ناڤۆکیی لێ کەوتووەتەوە.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەردەوام کرانی بزوتنەوەی زانستیانەی ئێرانی لە جەنگەی جوڵانەوەی بەلەزی بواری زانستیی جیھان بە بابەتێکی ئێجگار پێویست و گرینگ نرخاند و وێڕای ئاماژە کردن بە تامەزرۆیی لێوانلێو، ئامانجی جێی ستایش و بڕوابەخۆبوونی لاوانی بلیمەت، پێی داگرت: ھەر لاوێکی بلیمەت پارچەیەکی جەستەی ئێرانەو بۆ چارەسەریی گرفتی بلیمەتان دەبێ بەڵگەنامەی ستراتژیی کاروباری بلیمەتان بە تەواوی بەھەند بگیردرێت و پێ و شوێنگیری بکرێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ، کۆکردنەوەی «بلیمەتانی ئێرانی فەرھەنگیی مەزن» واتە بلیمەتانی ھەرێمی بەربڵاوی فەرھەنگی و ڕۆشنبیریی ئێرانی لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا بە نمونەیەکی بارستایی ھێزەکیی کۆمەڵگای بلیمەتان زانی و وتیشی: پەیوەندی پێوەکردن و کۆکردنەوەی بلیمەتانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، جیھانی ئیسلام، تەوەرەی خۆڕاگری و تەنانەت کۆکردنەوەی بلیمەتانی حەق خوازی دنیا لە تەواوی وڵاتان بە ئەمریکاو ئەورووپاشەوە دەتوانێ بە شێوەیەکی بنەماییانە ، ببێتە ھۆی برەوپێدانی «زانستی پاک و شەریفانە» و بەدی ھاتنی« ھزرێکی دروست و ڕێک و پێک».