تشرینی دووه‌م 13, 2019 12:48 Asia/Tehran
  • پێداگریی ئێران لەسەر گرینگیی وتووێژ و دیالۆگ وەک تاکەڕێکاری چارەسەریی کێشەکانی ناوچە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: تاران هەردەم جەخت دەکا لەسەر گرینگیی وتووێژ و دیالۆگ وەک تاکەڕێگای چارەسەریی کێشەکانی ناوچەو ئەوپەڕی هەوڵی دەخاتەگەڕ بۆ هێنانەدی کەشی وتووێژ لە نێوان وڵاتانی ناوچەدا.

سەید عەبباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی لێدوانەکانی بەرپرسێکی ئیماراتی لەمەڕ چارەسەریی کێشەکانی ناوچە بەپێی وتووێژ و خۆبواردن لەڕوودانی شەڕ لەناوچەدا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێنانەدی کەشی وتووێژ لەنێوان وڵاتانی ناوچە، پێشەنگ بووە.

موسەوی هەروەها وتی: پێشنیاری "پێکهێنانی کۆڕبەندی وتووێژە ناوچەییەکان" و "پەیمانی قەدەغەی دەسدرێژکاری" و هەروەها پەردەلادان لە "گەڵاڵەی ئاشتیی هۆرمز" لەحەفتاو چوارەمین دانیشتنی کۆڕبەندی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەلایەن سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە چوارچێوەی وتووێژ و دانوستانی سیاسییە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەئاماژە بە خرانەڕووی "گەڵاڵەی ئاشتیی هۆرمز" بە سەرۆکانی وڵاتانی دەڤەری باشوریی کەنداوی فارس وعێراق وتی: ئەو گەڵاڵەیە جەخت دەکا لە ئاسایشی هاوبەشی ئێران و وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای پێبەندبوون بە پرەنسیپە هاوبەشەکان لەوان خۆبواردن لە هەڕەشەی کەڵک وەرگرتن لە زۆرداریی، چارەسەریی قەیرانەکان بەشێوەی ئاشتیانە، ڕێزدانان بۆ سەروەریی وڵاتان و خۆبواردن لە دەسوەردان لەکاروباری ناوخۆی وڵاتان ومافی دیاریکرانی چارەنووسی نەتەوەکان.