کانونی یه‌که‌م 04, 2019 16:40 Asia/Tehran
  • وشداری دانی سەرلەشکر سەلامی بە دوژمنان: ھێڵەسوورەکانی ئێران مەبەزێنن

سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە دوژمنان وشداریی دا کە،ھێڵەسوورەکانی ئێران مەبەزێنن.

وشداری دانی سەرلەشکر «حسەین سەلامی» سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران،ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەی ٩٢ ھەزار شەھیدی بەسیجی لە تاراندا پێی داگرت: ئەگەر دوژمنان بیانەوێ کردەیەکی ورووژێنەر ئەنجام بدەن، گەلی ئێران ھەر دەستبەجێ دایدەمرکێننەوە.

سەرلەشکر سەلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە گەلی ئێران وریاو لەسەر ھەستەو لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەش بە باشی ڕیزی خۆی لە ئاژاوەگێڕان جیا کردەوە، وتیشی: گەلی ئێران لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوو زللەیەکی قورسی لە ڕوومەتی ئیستیکبارو بەتایبەت ئەمریکا وەشاند.

سەرلەشکر «حسەین سەلامی» سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە دوژمن لە ئاژاوەکەی ئەم دواییەدا بەتەما بوو شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لە ھەمبەر گەلی ئێران قەرەبوو کاتەوە، وتیشی: دوژمنان بەنیاز بوون ئەوپەڕی گوشارەکانیان بە ڕووداوە نێوخۆییەکانەوە گرێ بدەن، کەچی لە سای وریایی و لەسەرھەست بوونی خەڵک پێیان نەکرا.

سەرلەشکر «حسەین سەلامی» وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە گەلی ئێران بۆ بەرەڤانی کردن لە بەھا نەتەوەیی و ئیسلامییەکانی چوار دەیەیە خۆڕاگریی نواندووە،وتیشی: ئێران بەھێزمەندییەوە ئەو ئاراستەیەی بەردەوام دەکات و بەم زووانەش دەبێتە ھێزێکی گەورەی جیھانی.

سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە جیھانی ئیسلام لە ھێزمەندترین جێ و شوێنی خۆی دایە، جەختی کرد: ئەمڕۆکە سوورییەکان، یەمەنییەکان و عێراقییەکان لە بەرامبەر ئەمریکاو ڕژێمی زایونی و ئالی سەعوددا وەستاون و بەرگری لە سەربەخۆیی خۆیان دەکەن.

سەرلەشکر «حسەین سەلامی» سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پێشی داگرت: جەماوەری ناوچەکە، ئەمریکا سوک و تەریک کەوتە دەکەن و بەرەبەرە لە لاپەڕەی جوگرافیای جیھاندا دەیخەنە پەراوێزەوە.