کانونی یه‌که‌م 05, 2019 18:15 Asia/Tehran
  • پەردە لادان لە سەر سیستێمی زیرەکی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندی لەگەڵ ھێزە چەکدارەکان لە ئێراندا

بە ئامادە بوونی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ھێزەچەکدارەکان و وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەمڕۆ پێنج شەممە پەردە لە سەر سیستێمی زیرەکی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندی لەگەڵ ھێزە چەکدارەکان لادرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی میهر ، ئەم سیستێمە زیرەکە کە لە پەراوێزی پیشانگای دەستکەوتەکانی بەرەڤانیی ڕێکخراوەی پیشەسازیی بەرگریکارانەی ئێران پەردەی لەسەر ھەڵگیرا، بە مەبەستی پەیوەندی و لێک نزیک بوونەوەی زیاترو چرکەبەچرکە لە ئاراستەی ستراتژیای تایبەتیی وەزارەتی بەرەڤانی بۆ پشتیوانی کردن لە ھێزە چەکدارەکان دیزاین کراوە.

سەرداری سەرلەشکر باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ھێزەچەکدارەکان لە پەراوێزی ئەم ڕێ و ڕەسمەدا وتی: کەڵک وەرگرتنی گونجاوو بەجێ لە کۆمپانیاکانی زانست بنەماو بارستایی زانکۆکانی ئێران دەبێتە ھۆی کەم کرانەوەی پێوەبەسترانی ئێران بە دەرەوە.

سەرلەشکر بافری ھەروەھا ئاماژەی کردە خێرایی و پێشکەوتنی ھەرەلەباری بەرھەمەکانی وەزارەتی بەرەڤانیی ئێران و وتیشی: لە ماوەی دوو ساڵی ئەم دواییە ئەم گەشەو تۆکمە بوونە خێراییەکی زۆری بە خۆیەوە بینیوەو بە شێوەیەکی بەرچاو توانیویەتی بەشێکی ھەرە زۆری پێداویستییەکانی بەرگریکارانەی ئێران دابین بکات.

ئەمیری سەرتیپ حاتەمی وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە ڕێ و ڕەسمەکەدا پێی داگرت: ئەمڕۆ وەزارەتی بەرەڤانیی ئێران بۆ دابین کردنی تەواوی بەرھەمەکانی بەرگری کردنی پێویستی ئێران لە ھەموو ئاستەکاندا ، بە کوایتییەکی باڵاو ستاندارد، لەنێوخۆی ئێران دا بەرھەم دێت و دەخرێتە بەردەستی بەشە جۆربەجۆرەکانی بەرەڤانی.