کانونی دوھەم 16, 2020 08:38 Asia/Tehran
  • زەریف: ئەورووپا ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی بەرجامی 
لەبار برد

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەورووپییەکانی لە بەر بانگەشەکانیان لەمەڕ پابەند بوون بە ڕێککەوتنی بەرجام دایە بەر ڕەخنە.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای ڕەخنەگرتنی توند لە بێ کردەوەیی ئەورووپییەکان، بانگەشەکانی لەمەڕ پابەند بوون بە ڕێککەوتنی بەرجام دایە بەر ڕەخنەو نووسی: ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە لایان وایە لە سەدەی نۆزدەهەم دا دەژین، ئەو سەردەمەی کە فەرمانیان بە وڵاتانی دیکە دەداو درۆیان دەکردو هەڵدەهاتن.

زەریف وێڕای پلار گرتن لەو سێ ووڵاتە ئەورووپییەی کە بانگەشە دەکەن بەڵێنە بەرجامییەکانی خۆیانیان ڕاپەڕاندووە، وتوشیەتی: گەیاندنی هاوردەی نەوت لە ئێرانەوە،بایکۆت کردنی بانکەکانی ئێران و بڕینی سوییفت، کشانەوەی کۆمپانیاکانی ئەورووپی لە ئێران و نەوێران بۆ فرۆشتنی تەنانەت کاڵا لە بایکۆت بەخشراوەکانی وەک دەرمان و خۆراک، ڕوونترین بەڵگەن لەمەڕ پابەند نەبوونی ئەورووپییەکان بە ڕێککەوتنی بەرجام.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران پێی داگرت: دەرکردنی بەیاننامەی پڕوپوچ، پێشێلکردنی یاساوڕێساکانیان بە ملکەچ بوون لە هەمبەر بایکۆتە واوەناوچەییەکانی ئەمریکا، ڕەچاو نەکردنی سێ ڕاگەیاندنی ئێران لەمەڕ چالاک کردنی میکانیزمی چارەسەریی ناکۆکییەکانی بەرجام و خستنەگەڕی ئینیستێکس بەبێ ئەنجام گرتنی هیچ چالاکییەکی دراڤی نیشانەکانی دیکەی پابەند نەبوونی ئەورووپییەکان بە ڕێککەوتنی بەرجامن.

زەریف ڕوو لە ئەورووپییەکان وتیشی: ئێران میکانیزمی چارەسەریی ناکۆکییەکانی بەرجام ی چالاک کرد، بەڵام ئەمە ئەورووپا بوو کە ناوەڕۆکی بەرجامی لەبار برد نەک ئێران، ئیدی قەرەبووی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە با بوەستێت، کەوا بوو بەڵێنەکانتان ڕاپەڕێنن.

سەرپەیڤ