May 20, 2020 19:43 Asia/Tehran
  • نووسینگەی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی داکۆکی لە ئینتیفازەی فەلەستین: پیلانی «سەودای سەدە» کایە کردن بە ئاگرە

نووسینگەی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی داکۆکی لە ئینتیفازەی فەلەستین جەختی کرد: پیلانی «سەودای سەدە» کایە کردن بە ئاگرەو بۆی ھەیە بەرمیلەکانی بارووت لە فەلەستین و سەرتاسەری ناوچەکەدا بتەقێنێتەوە.

نووسینگەی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی داکۆکی لە ئینتیفازەی فەلەستین سەر بە مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەک دا بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی قودسەوە ڕایگەیاند: پیلانی «سەودای سەدە»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە لە ھەوڵی ئەوەدایە ھەتا بە لکاندنی لێواری ڕۆژئاوا بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی دیکەی فەلەستینەوە بە کردەوە نەتەوەی فەلەستین بخاتە پەراوێزەوە، بۆی ھەیە چارەنووسی ڕژێمی زایونی بەرلە کۆتایی ٢٥ ساڵ ، یەکلا کاتەوە.

لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە، تیرۆری سەرداری سپەھبۆد «قاسم سولەیمانی» فەرماندەی شەھیدی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی  ئیسلامی لە لایەن ھێزە تیرۆریستەکانی ئەمریکاوە کە «ئیسماعیل ھەنییە» سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، وەک شەھیدی قودس ناوی برد، دەستپێکێکە بۆ سەرکەوتنی مەزنتر و خوێنی شەھید سولەیمانی، ڕەوتی ڕزگار بوونی سەرزەوییە داگیرکراوەکان خێراتر دەکاتەوە.

نووسینگەی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی داکۆکی لە ئینتیفازەی فەلەستین سەر بە مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەکەی دا وێڕای داکۆکی لە پرسی فەلەستین و خۆڕاگری، ئەوەشی وەبیر ھێنایەوە کە، بەرپاکرانی گشتپرسی لە نێو دانیشتووانی ڕەسەنی فەلەستین ڕێگاچارەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ وەدی ھاتنی مافی گەلی ئەم سەرزەوینەو کۆتایی ھێنان بە داگیرکرانی فەلەستین.

دوایین ھەینیی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بە پێی دەستپێشخەرییەکەی حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ، وەک ڕۆژی جیھانیی قودس ناودێری کراوە.

ڕۆژی جیھانیی قودس ئەمساڵ ٢٢ی مای ٢٠٢٠ ڕێککەوتە لەگەڵ ٢٨ی ڕەمەزانی ١٤٤١ی کۆچیی مانگی.