May 27, 2020 10:01 Asia/Tehran
  • ڕێ و ڕەسمی دەستبەکار بوونی یانزەھەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران

سەرۆکی بنکەی بەڕێوەبرانی ڕێ و ڕەسمی دەستبەکار بوونی یانزەھەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: ڕێ و ڕەسمی دەستبەکار بوونی خولی یانزەھەمی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەممە بە پەیامی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و بە ئامادە بوونی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و بەبەشداریی ٢٧٦ نوێنەری ھەڵبژێردراو دەستی پێ دەکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «غوڵامڕەزا نووری» یاڕیدەری بەڕێوەبەرایەتیی مەجلیس و سەرۆکی بنکەی بەڕێوەبرانی ڕێ و ڕەسمی دەستبەکار بوونی یانزەھەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، وتیشی: دەستبەکار بوونی یانزەھەمین خولی مەجلیس لەگەڵ خولەکانی پێشوو جیاوازیی  تایبەتیی ھەیە و ئەوەش بۆ ھەل و مەرجی تەندروستیی زاڵ بوو بە سەر کۆمەڵگادا دەگەڕێتەوە.

نووری وتیشی: لە خولەکانی پێشوو ڕێ و ڕەسمەکە بە ئامادە بوونی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، کاربەدەستانی لەشکری و حکومەتی، پارێزگاران، پێشەوایانی ئایینزاکان و کەمینە ئایینییەکان، ھونەرمەندان و ڕۆشنبیران بەرپا دەکرا، کەچی ئەمساڵ ڕەچاوکردنی ڕێنمایی تەندروستی ھێندێک بەرتەسکیی لە بانگێشتنی میوانەکاندا دروست کردووە.

سەرۆکی بنکەی بەڕێوەبرانی ڕێ و ڕەسمی دەستبەکار بوونی یانزەھەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، وێڕای ئاماژە کردن بە لێدوانی «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە مەجلیسی شورای ئیسلامی دا وتیشی: دوای وتاردانەکەی سەرۆک کۆمار، ئاھەنگی سوێندخواردن و پەیمان بەستنی ھەڵبژێردراوان ئەنجام دەگرێت.

یانزەھەمین خولی ھەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، بۆ دیاری کردنی ٢٩٠ نوێنەر لە ٢٠٨ ھەرێمی ھەڵبژاردن، بیست و یەکەمی فڤریە بە بەشداریی زیاتر لە ٢٤ ملوێن و ٥٠٠ ھەزار کەس لە کەسانی خاوەنی مەرجی دەنگدان لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوەچوو.

لە ٢٠٨ ھەرێمی ھەڵبژاردنی مەجلیسی یانزەھەم، ١٩٧ ھەرێم ھەر لە ھەمان قۆناغی یەکەمی بەرپاکرانی ھەڵبژاردنەکە چارەنووسیان ڕوون بووەوەو تەنیا ھەڵبژاردنی نوێنەرانی ١١ ھەرێمی دەنگدان کەوتە قۆناغی دووھەم کە ئەم ھەرێمانەش لە ١١ی سپتامبەری ئەمساڵ دا قۆناغی دووھەمی ھەڵبژاردن بەخۆیانەوە دەبینن.