May 27, 2020 18:43 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: سات و سەودای ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە پەیوەندیی بە ئەمریکییەکانەوە نییە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند: سات و سەودای نێوان ئێران و وڵاتێکی دۆست و برادەر لە مەڕ گواستنەوەی بەرھەمە نەوتییەکان پەیوەندیی بە ئەمریکییەکانەوە نییە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت وێڕای ئاماژە کردن بە ڕەوانەکرانی نەوتبەرەکانی ئێران بۆ ڤەنزۆئیلا، پێی داگرت: خۆتێوەردانی ئەمریکییەکان لە بازرگانیی ئێران لەگەڵ ھیچ یاسایەک دا یەک ناگرێتەوە.

ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بە سەرنجدانی گرفتی دابین کردنی بەنزین لە ڤەنزۆئیلا، پێنج نەوتبەری خۆی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کرد.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە درێژەی وتەکانی دا بە دەربڕینی ئەمەی کە وڵاتەکەی، جیا لە تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەوڕووی بایکۆتە نایاساییەکانی ئەمریکاشە، وتی: یەکگرتوویی نێوان دەوڵەت، خەڵک، ھێزەکانی دیکەو ھێزە چەکدارەکانی ئێران ڕێ لە پیلانەکانی ئەمریکا دەگرێت.

ڕۆحانی وتیشی: یەکگرتن و ھاوڕێیەتیی خەڵک و لە خۆبردوویی و فیداکاریی کەرتی دەرمانی وڵات و ئامادە بوونی ھێزەچەکدارەکان بۆ یارمەتی دانی جەماوەر لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە کاریگەریی ئەرێنیی باشی ھەبووەو جێ و شوێنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەم ھەل و مەرجەدا بەرزتر کردووەتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ناردەی نانەوتیی وڵات لە دوو مانگی ڕابردوودا لە بەر تەشەنای کۆرۆنا بەرەوڕووی ھێندێک گرفت بووە، وتیشی: بەختەوەرانە ئەم نەخۆشییە تا ڕادەیەک لە ئێران و ناوچەکەدا کۆنترۆڵ کراوەو سنوورەکان ھێدی ھێدی خەریکن دەکرێنەوەو ڕەوتی ناردنی کاڵاوشت و مەک بەردەوامە.

سەرپەیڤ