حوزه‌یران 02, 2020 18:56 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: یەکێتیی ئەورووپا دەبێ ئەرکی خۆی لە مەڕ ھەنگاوە نایاساییەکانی ئەمریکا بەجێ بێنێ

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: یەکێتیی ئەورووپا وێڕای ئیدانەکردنی ھەنگاوەکانی نایاسایی ئەمریکا، ئەرکی خۆی ڕاپەڕێنێ.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی سێ شەممە لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «سالی نینیستە» سەرۆک کۆماری فەنلاند بە دەربڕینی ئەمەی کە ڕاپەڕێندرانی بەرجام دەستھاتێکی باشی لە بواری چەندلایەنەخوازی دا ھەبوو، وتیشی: ھەنگاوەکەی ئەمریکا لەمەڕ کشانەوەی لە بەرجام، بە پێچەوانەی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشت و دژی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و دابی سیاسی و تەواوی پابەندییە ئاکارییەکانە.

ڕۆحانی بە پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ھاوکاریی ئێران لەگەڵ ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکب بە باشی بەردەوامە، وتیشی: بەداخەوە ئەمریکییەکان لە ھیچ قۆناغێکدا نیازپاکییان لە خۆیان پیشان نەداوە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: ئەمریکییەکان تەنانەت لە دۆخی کۆرۆناش دا بە سەپاندنی بایکۆتی ملھوڕانەو ڕێگرتن لە گوێزرانەوەی داوودەرمان و کەل و پەلی پێویست بۆ ئێران، تەندروستیی ٨٣ ملوێن ئێرانییان بەبارمتەگرتووە.

ڕۆحانی ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە وەڕێ خرانی میکانیزمی دراڤیی «ئینیسێکس» لە لایەن ئەورووپاو ھەروەھا کەناڵە دراڤییەکەی سوییسڕا لەگەڵ ئێران، وتیشی: بە داخەوە ئەم سیستێمە دراڤییانە ھێشتا نەیانتوانیوە کاریگەربن و یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاراکردنیان ھیچ ھەنگاوێکی ھەڵنەگرتووە.

«سالی نینیستە» سەرۆک کۆماری فەنلاندیش لەم وتوێژەدا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە سەرکەوتنەکانی ئێران بە سەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا، لە سەر پەرە پێ دان و قوڵ کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تاراندا پێی داگرت.

سەرۆک کۆماری فەنلاند ھەروەھا وێڕای پێشوازی کردن لە وەڕێ خرانی میکانیزمی دراڤیی «ئینیسێکس»، ئامادە بوونی فەنلاندی بۆ پەیوەست بوون بەم میکانیزمە ڕاگەیاند و وتیشی: بەرجام وەک ڕێککەوتنێکی نێونەتەوەیی دەبێ بپارێزرێت و ھەموو لایەنەکانیش پابەند بن بە ڕاپەڕاندنیەوە.

سەرپەیڤ