حوزه‌یران 19, 2020 10:20 Asia/Tehran
  • زەریف: سێ وڵاتەکەی ئەورووپا نەبنە ھاوتاوانی دوژمنانی بەرجام

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکی توییتێری دا داوای لە ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی کرد کە نەھێڵن دوژمنانی بەرجام بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران بخەنە مەترسییەوەو ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییەش خۆیان نەکەن بە ھاوتاوانیان.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی ھەینی لە پەیامێکی توییتێڕی دا نووسی: ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی نابێ بھێڵن دوژمنانی بەرجام بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران بخەنە مەترسییەوەو ئینجا سێ وڵاتەکەی ئەورووپا واتە فەرەنساو ئاڵمانیا و بریتانیاش کە لە ئێستادا لە ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانی ھاوپەیوەند بە بەرجامیان شکستیان ھێناوە، با خۆیان نەکەن بە ھاوتاوانی دوژمنان.

زەریف بە دەربڕینی ئەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ھیچی بۆ شاردنەوە نییە وتیشی: ئەو پشکنینانەی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لە ئێران کراوە زیاتر لە تەواوی پشکنینەکانی مێژووی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکییە.

سێ وڵاتی ئەورووپیی فەرەنساو ئاڵمانیاو بریتانیا کە لە واژۆکەرانی ڕێککەوتنی بەرجامن، بەرنووسی بڕیارنامەیەکیان بۆ خستنەبەر دەستی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانس ئامادە کردووە کە تیای دا داوای خۆیان وتەنی «ھاوکاریی تۆکمەوتەواوی ئێران لەگەڵ ئاژانس»یان کردووە.

ئێران بەتوندی ڕەخنەی لەم ھەنگاوە گرتووەو ڕایگەیاندوە کە، ئەم داخوازییە بە پێی بانگەشەکانی ڕژێمی زایونی و لە ئەنجامی گوشارەکانی ئەمریکا ھاتووەتە ئاراوە کە سەرباری کشانەوەی لە بەرجام، بە تەمایە بایکۆتی چەکەمەنیانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای کۆتایی ھاتنی ماوەکەی درێژ کاتەوە.

سەرپەیڤ