حوزه‌یران 30, 2020 12:38 Asia/Tehran
  • تەرمی شەھیدە ئەفغانستانییەکە لە گڵکۆی پاکی ئیمامی ڕەزا(ع) ئەسپەردەی خاک کرا

ڕێ و ڕەسمی گشتی بۆ بەڕێ کردنی تەرمی ئەم شەھیدە لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرپا نەکراو بەس کۆمەڵێک لە خزمەتگوزارانی بارەگای پرشنگداری ڕەزەوی و شارومەندانی ئەفغانی داگری بنەماڵەی شەھیدانی پارێزەری گڵکۆ پیرۆزەکان لە ڕێ و ڕەسمەکەدا کە لە ڕەواقی ئیمام خومەینی(رە)ی گڵکۆی پیرۆزی ئیمامی ڕەزا(ع) بەڕێوە چوو، بەشدارییان کرد.

لە ڕێ و ڕەسمەکەدا ئایەتوڵڵا «سەیید جەعفەر تەباتەبایی» لە مامۆستایانی ناوداری حەوزەی عیلمییەی مەشھەد لە سەر تەمرمی ئەو شەھیدە پایەبەرزە نوێژی بەجێ ھێنا.

بە پێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەی وبنیادی شەھیدو کاروباری لەخۆبردووانی سەر بە خۆراسانی ڕەزەوی لە ئاراستەی قەدرزانین و ستایشی گەلی ئەفغانستان کە نیازپاکانە گیانیان لە پێناوی شۆڕشی ئیسلامی پێشکەش کرد، تەرمی پاکی ئەو شەھیدە بەڕەگەز ئەفغانییەش بە پێی فەرمانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە گڵکۆی پاکی ئیمامی ڕەزا(ع) ئەسپەردەی خاک کرا.

پەیکەری ئەم شەھیدە دوێنێش بە ئامادە بوونی کۆمەڵێک لە کۆچبەرانی ئەفغانیی دانیشتووی ئێران گەییشتە فڕگەی «شەھید ھاشمی نەژاد»ی مەشھەدو لە لایەن بەرپڕسانی پارێزگاکەوە بەشێوەیەکی فەرمی پێشوازیی لێ کرا.

شەوی ڕابردووش ڕێ و ڕەسمی ماڵئاوایی کردن لەگەڵ تەرمی پاکی شەھید «نەسیم ئەفغانی» بە ڕەچاوکردنی تۆکمەوتەواوی ڕێنماییە تەندروستییەکان لە ڕەواقی ئیمام خومەینی(رە) دا بەرپا کرا.

شەھید «نەسیم ئەفغانی» کوڕی «میزا موحەممەد» لە شەھیدانی پایەبەرزی سەربە وڵاتی ئەفغانستانە کە لە تەمەنی ٣١ ساڵاندا بەرەو بەرەکانی شەڕی داسەپاوی ڕژێمی بەعس بە سەر ئێراندا وەڕێ کەوت و گیانی لەم پێناوی حەق دا بەخت کرد. تەرمی پاکی ئەم شەھیدە پایەبەرزە مانگی ڕابردوو لە ڕەتی پشکنین و گەڕان لەو ناوچەیەی وا ئۆپراسیۆنی وەلفەجری یەکی تیادا بەڕێوە برا واتە «فەککە» ناس کرا.