ته‌مووز 01, 2020 08:16 Asia/Tehran
  • تەقینەوەی کلینیکێکی دەرمانی لە باکووری تاران دا گیان لەدەست دانی نۆزدە کەسی لێ کەوتەوە

وتەبێژی ڕێکخراوەی ئاگرکوژاندنەوەی شارەوانیی تاران وێڕای ئاماژە کردن بە ئاگرکەوتنەوە لە کلینیکە دەرمانیەکەی باکووری پێتەختی ئێران لە بەر تەقینەوەی بتڵێکی ئۆکسیژن، وتی: ژمارەی کوژراوانی ئەم کارەساتە گەییشتووەتە نۆزدە کەس و چواردەکەسیش بریندار بوونە.

«جەلال مەلیکی» وتەبێژی ڕێکخراوەی ئاگرکوژاندنەوەو خزمەتگوزاریی ھێمنایەتیی شارەوانیی تاران سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ھەڵمەتی گەڕان و پشکنین ھەروا بەردەوامە، وتیشی: بە ھەوڵی ئاگرکوژێنەوەکان، بیست کەس لەوانەی وا لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکە لە بیناکەدا بوونە، ڕزگار کران.

مەلیکی ھەروەھا باسی کوژێندرانەوەی ئاگری بیناکەی کرد.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، حەوت کەس لە بریندارانی ئەم کارەساتە دەستبەجێ چارەسەرییان بۆ کراوەو حەوت کەسی دیکەش گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەو تەقینەوەی بتڵێکی ئۆکسیژن لە قاتی خوارەوەی کلینیکێکی دەرمانیی پێنج نھۆم، بەشێک لە بیناکەش داڕووخا.

سەرپەیڤ