ته‌مووز 01, 2020 13:25 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: ئێران زەبروەشاندنی سیاسی لە بەرجامی پێ قەبووڵ ناکرێت

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە تاران بەردەوام پابەندی بەڵێنە سیاسی، مافەوانی و ئاکارییەکانی خۆی بووە ، وتیشی: ئەگەر ئەمریکییەکان بیانەوێ زەبری سیاسی لە بەرجام بسرەوێنن،کۆماری ئیسلامی قەبووڵی ناکات و ھەنگاوێکی کاراو لێبڕاوانە ھەڵدەگرێت.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای ئاماژە کردن بە تێپەڕینی سێ ساڵ و نیو لە کاتی دامەزرانی دەوڵەتی تازەی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، وتی: کۆمەڵگای جیھانی لەم ماوەیەدا لەگەڵ نایاسامەندی، کرداری دژی یاسا و دژی مافی مرۆڤی واشێنگتۆن دژی تاران بەرەوڕوو بووە.

ڕۆحانی وتیشی: گەرچی ئەمریکییەکان لەوانەیە لە ھەڵسەنگاندنەکانیاندا بڵێن کە لە بواری ئابووری دا ھێندێک سەرکەوتنیان مسڵگەر کردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ڕووی سیاسی، مافەوانی و ئاکارییەوە بەدرێژایی ئەم سێ ساڵ و نیوە گەلێک جار توشی شکست ھاتوون.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە شکستی سیاسیی ئەمریکییەکان لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە، وتیشی: ھەتا ئەمڕۆ تەواوی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشت بە جۆرێک نەیاری بەرنووسی بڕیارنامەکەی ئەمریکا دژی ئێرانن و ئەمریکییەکان ھیچ سەرکەوتنێکیان لەمەڕ بەستێن خۆش کردن لە ئەنجومەنی ئاسایشت و لە لای بیروڕای گشتیی جیھان بەدەست نەھێناوە.

ڕۆحانی ھەروەھا داکۆکیی لێبڕاوانەی ١٤ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانی لە بەرجام و بڕیارنامەی ٢٢٣١ لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەم شورایە، بە شانۆیەکی شکستی دووبارەی ئەمریکا لە ڕووی سیاسییەوە لە ھەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران زانی و وتیشی: تاران لە ھەر ڕۆژ و ساتێکدا کە لایەنەکانی بەرامبەر ئامادە بن ھەموو بەڵێنە بەرجامییەکانیان ڕاپەڕێنن، دەستبەجێ بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەچاوکردنی بەڵێنەکانی لە بەرجام دا.

سەرپەیڤ