ته‌مووز 04, 2020 09:03 Asia/Tehran
  • ڕژێمی زایونی و پشتیوانەکانی بەرپرسی ڕفێندرانی چوار دیپلۆماتەکەی ئێرانن

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە سەروبەندی ساڵگەڕی ڕفێندرانی چوار دیپلۆماتەکەی ئێران لە لوبنان کە بە داکۆکیی تۆکمەوتەواوی ئێران ئەنجامی گرت، جەختی کردووە: ئێران بەرپرسایەتیی سیاسی و مافەوانیی ڕفێندران و ئەو ھەنگاوە تیرۆریستییە لە ئەستۆی ڕژێمی زایونی و پشتیوانەکانی دەزانێت.

چواردەھەمی پوشپەڕی ساڵی ١٣٦١(٥ی ژوئیەی ١٩٨٢) بەکرێگیراوانی ڕژێمی زایونی لە ھەنگاوێکی تیرۆریستی دا چوار دیپلۆماتی ئێرانی بە ناوەکانی «سەیید موحسین موسەوی»، «ئەحمەد موتەوەسلیان»،«کازم ئەخەوان» و «تەقی ڕەستگار موقەددەم»یان لە خاکی لوبنان دا ڕفاند.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ھەینی لە بەیاننامەیەک دا جەختی کرد: بەڵگەکان دەربڕی ئەوەن کە ئەو دیپلۆماتانەی  ئێران کە لە ساڵی ١٩٨٢ لەباکووری لوبنان ڕفێندران ، ڕادەستی لەشکریانی ڕژێمی زایونی کراون و دوابەدوای ئەوەش گوێزراونەتەوە بۆ سەرزەوییە داگیرکراوەکان و ئێستاش لە بەندیخانەکانی ئەو ڕژێمە ساختەیەدان.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بەیاننامەیەدا وێڕای داخ و مەخابن دەربڕین لە بێ دەنگە لێکردن و بێ ھەڵوێستیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی بانگەشەکەری مافی مرۆڤ لە ھەمبەر ئەو کردارە دڕندانەو تیرۆریستییە، وتیشی: ڕژێمی زایونی ھێشتاش بە داکۆکیی ئەمریکا لە سەر کردارەکانی یاسای نێونەتەوەیی بەزێنی خۆی بەردەوامەو خۆی لە بەرپرسایەتیی ئەم بابەتەش دەدزێتەوە.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەکەی دا وێڕای ڕێزگرتن لە ھاوکاری و ھەنگاوەکانی دەوڵەتی لوبنان بۆ پێ و شوێن گرتنی چارەنووسی دیپلۆماتەکانی ئێران، جارێکی تر داوای لە کاربەدەستانی لوبنانی و ھەروەھا سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لێژنەی نێونەتەوەیی خاچی سوورو دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی دیکە کرد کە ھەستن بە ڕاپەڕاندنی ئەرکی سەرەکی و مافەوانی و مرۆڤی خۆیان لەمەڕپێ و شوێن گرتنی ئەم دۆسیەیە.

ھەرلەم ئاراستەیەدا وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەمیسان لە سەر پێشنیارەکەی خۆی لەمەڕ پێکھاتنی لێژنەیەکی بەدواداچوون لە لایەن لێژنەی نێونەتەوەیی خاچی سوورەوە پێی داگرت و ھیوای خواست کە تەواوی دیل و زیندانییەکان بەم زووانە لە بەندی ڕژێمی زایونی ڕزگار بکرێن.

سەرپەیڤ