ته‌مووز 08, 2020 16:37 Asia/Tehran
  • نامەی پەیامنێرانی دەرەوەیی دانیشتووی ئێران بۆ  ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان سەبارەت بە جەخت کردن لەسەر ھەڵگیرانی بایکۆتەکان

کۆمەڵێک لە نووسەران و پەیامنێرانی میدیا بیانییەکانی دانیشتووی ئێران بەرامبەر بە بەردەوامیی بایکۆتەکانی ملھوڕانەی ئەمریکا دژی گەلی ئێران ناڕەزامەندییان دەربڕی.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ئیرنا، چل و شەش کەس لە پەیامنێرانی میدیا بیانییەکان لە نێو ئێران و لە دەرەوەش، لە نامەیەک دا بۆ سەرۆکانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە سێ زمانی ئینگلیسی و فارسی و عەرەبی نوسراوە، ڕایانگەیاندووە: تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەرکێکی مێژوویی خستووەتە سەر شانی ھەموو دەوڵەت و نەتەوەکان بۆ ئەوەی باشترین ڕێگا بۆ دەربازکردنی مرۆڤایەتی بخەنە ڕوو.

ئەم پەیامنێرانە وێڕای ئاماژەکردن بە بایکۆتی ملھوڕانەی ئەمریکا دژی جەماوەری ئێران، وتووشیانە: مێژووی ئەمریکا ھەتا ئێستا داسەپێندرانی ئاوا بایکۆتێکی بە خۆیەوە نەدیوە کە بەسەر جەماوەری ئێراندا سەپێندراوەو ئێرانییەکان لە ئێستادا لە سەرەتایی ترین مافی خۆیان واتە مافی پاراستنی ژیان کە ڕۆژی دەھەمی سپتامبەری ساڵی ١٩٤٨ لە جاڕنامەی جیھانیی مافی مرۆڤ دا جەختی لە سەر کراوە، بێ بەرین.

نووسەران و پەیامنێرانی دانیشتووی ئێران داوایان لە ئەندامانی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان کردووە کە ھەستن بە ڕاپەڕاندنی ئەرکی مێژوویی ، مافەوانی و مرۆڤدۆستانەی خۆیانەوە کە گوشارخستنە سەر دەوڵەتی ئەمریکایە بۆ ئازاد کردنی دراڤە ڕاگیراوەکانی ئێران ھەتا ھەلی ئەوە بۆ دەوڵەتی ئێران بڕەخسێنێت کە داوو دەرمان و خۆراک و کەرەستەی پێویست بۆ خەڵکەکەی دابین بکات.