تشرینی دووه‌م 02, 2020 13:42 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوە : ئێران لەسەر ئامادەبوونی تیرۆریستان لە گەڵ کەس شۆخیی نیە

وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە وشداریی تاران لەمەڕ ئامادەبونی تیرۆریستان لە سنوورە باکووریەکانی ئێران جەختی کردەوە : کوماری ئیسلامیی ئێران لەمبارەوە لە گەڵ کەس موسامحە و شۆخیی نیە .

سەعید خەتیب زادە رۆژی دوشەممە لە پرێس کۆنفڕانسی حەوتانەی دا کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو ، بە ئاماژە بەوەی کە نیگەرانیی تاران لە بارەی ئامادەبوونی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا ھەروا ماوە ، گوتی : ئەم پرسە نەک ھەر بە باکۆ و ئێرەوان بەڵکو بە پێتەختەکانی دیکەش راگێندراوە . 

خەتیب زادە لە بارەی پرۆژەی ئێران بۆ چارەسەریی کێشەی قەرەباغ و وڵامی ئازەربایجان و ئەرمنستانیش ھیوای خواست : لە چەند حەوتەی داھاتوودا ھەنگاوێک بۆ ئاشتی و چارەسەریی ئەم کێشەیە ھەڵگیردرێ . 

وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوەی ئێران ھەروەھا بە ئاماژە بەوەی کە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سبەی بەرەو ئەمریکای لاتین دەکەوێتەڕێ بە مەبەستی ئامادەبوون لە  ئاھەنگی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی بۆلیڤیا و دوای ئەوەش سەردانی کوبا و ڤەنزۆئێلا دەکات ، گوتیشی : سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بۆلیڤیا نیشانەی ئامادەیی دوو وڵات بۆ گەڕاندنەوەی پێوەندیەکان بۆ ئاستێکی باڵایە .

خەتیب زادە لە وڵامی ئەوەی کە ئەمریکیەکان بانگەشەی ئەوەی دەکەن کە ئێران لە گەڵ چین و روسیا بە شێوەی سایبێری دەست دەباتە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا گوتی : مێژوو نیشانی داوە چ وڵاتێک بە دەسبردن لە کاروباری  نێوخۆی وڵاتانی دیکە دەستی داوەتە کودیتا و سەرۆکانی وڵاتانی گۆڕیوە و ھێزی سیخوڕیی خۆی بۆ وڵاتانی دیکە ناردووە . 

وتەبێژی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران لە بارەی قەرزی بەریتانیا بە ئێران و ھۆکاری خۆبواردنی بەریتانیا لە دانەوەی قەرزەکە گوتی : قەرزی بەریتانیا بە ئێران سەلمێندراوە و بێ سێ و دوویە و لەندەن ھیچ پەڵپ و بیانوویەکی بۆ نەدانەوەی بە تاران نیە . 

سەرپەیڤ