کانونی دوھەم 13, 2021 14:50 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی ئێران و عێراق بۆ گواستنەوەی کاڵاو کەل و پەل لە دەستپێکەوە ھەتا کۆتایی

وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران باسی ڕێککەوتن لەگەڵ عێراقی کرد بۆ گواستنەوەی یەکسەرەی کاڵای ئێرانی ھەتا شوێنی مەبەست بە کەڵک وەرگرتن لە گەڵابەکانی ھەردووک وڵات.

«موحەممەد ئیسلامی» وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران ڕۆژی سێ شەممە لە دیداری لەگەڵ «عەلا ئەحمەد جبوری» وەزیری بازرگانیی عێراق و سەرۆکی لێژنەی ھاوبەشی ئابووریی دوو وڵات لە تاران دا وتی: ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنی گواستنەوەی یەکسەرەی کاڵاو کەل و پەلی ئێرانی ھەتا شوێنی مەبەست دەتوانێ ڕێگر بێت لە بەفێڕۆ چوون و خراپ بوونی ناردەمەنییەکانی ئێران لە کاتی گۆڕینی گەڵابەکان لە سنووری نێوان ھەردووک وڵات.

وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران وتیشی: ئەگەر گواستنەوە لە دەستپێکەوە ھەتا کۆتایی بەشێوەی یەکسەرەو بە ھۆی گەڵابەکانی ئێران و عێراقەوە ئەنجام بگرێت، پێش بە خراپ بوون و لەنێوبرانی ئەو کەل و پەلانە دەگیرێت.

لە بارەی تۆکمەکرانی ڕێگای ئاسنی شەلەمچە بۆ بەسرەشەوە کە بە خواستی کاربەدەستانی ھەردووک وڵات بەدرێژایی ٣٢ کیلومەتر دەخرێتەگەڕ، وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران وتی: بە تۆکمەکرانی ئەم ڕێگایەش کە بڕیارە کۆمپانیای «چێکردن و پەرە پێ دانی ژێرخانەکانی گواستنەوە»ی ئێران مسۆگەری کات، بەستێن بۆ گەشانەوەی بواری ئابووریی ھەردووک وڵات خۆش دەکرێت.

«عەلا ئەحمەد جبوری» وەزیری بازرگانیی عێراقیش وێڕای پێداگرتن لە سەر پەرە پێ دانی ژێرخانی گواستنەوە لەنێوان ئێران و عێراق دا بە ھۆی  ڕێگای ئاسن، جاددە، دەریاو ھاتوچۆی ئاسمانییەوە لە ئاراستەی گەشاندنەوەی ھاوکاریە ئابوورییەکان، ستایشی ھاریکاریی ئێرانی کرد لەگەڵ کەرتی تایبەتیی عێراق دا.

«عەلا ئەحمەد جبوری» وەزیری بازرگانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی ٥٠ کەسەی بەڕێوەبەران و یاریدەرانی وەزارەتخانەکانی عێراق و بازرگانانی عێراقی سەردانی تارانی کردووە.

سەرپەیڤ