کانونی دوھەم 27, 2021 13:16 Asia/Tehran
  • شەمخانی: ستراتژیای ئەمریکا لە ئەفغانستان، بەردەوام کردنی شەڕو خوێنڕشتنە

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران، ستراتژیای ئەمریکا لە ئەفغانستانی بەردەوام کرانی شەڕو خوێنڕشتن زانی.

«عەلی شەمخانی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە دیدار لەگەڵ «مەلا عەبدولغەنی برادەر» سەرۆکی ئەو شاندە سیاسیەی تالیبان کە ڕۆژی ڕابردوو سەردانی تارانی کرد، وێڕای ئاماژە کردن بە پێشینەی سەرەڕۆیی و شەڕھەڵایساندنی ئەمریکا لە ناوچەکە، وتی: ئەمریکا لە ئەفغانستاندا بە دووی ئاشتی و ئاسایشتەوە نییە، ستراتژیای ئەمریکا بەردەوام کرانی شەڕو خوێنڕشتنە لەنێو چینە جۆربەجۆرەکانی ئەفغانستان.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران قەت ئەو ڕەوتەی کە بەتەما بێ لە ڕێگای شەڕەوە دەستەڵاتی ئەفغانستان بەدەستەوە بگرێت بە فەرمی ناناسێ، لە سەر پێویستیی بەشداریی تەواوی چین و ھۆزەکان لە دیاری کردنی چارەنووسی ئەفغانستان لە چوارچێوەیەکی ئاشتیانە پێی داگرت.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران ھەروەھا ئاسایشتی ئەفغانستانی بەتایبەت لە پارێزگاکانی ھاوسنووری ئێران بە بابەتێکی چاوپۆشی لێ نەکراو زانی و لە سەر ھاوکاریی تالیبان لەگەڵ دەوڵەتی ئەفغانستان بۆ خەباتی دژی ھەرچەشنە ناھێمنیەک و بەرنگار بوونەوەی جم و جوڵەکانی داعش پێی داگرت. 

«مەلا عەبدولغەنی برادەر»یش لە دیدارەکەدا وێڕای ئاراستەکردنی ڕاپۆرتێک لە بارەی ڕەوتی دانوستانی ئاشتی لە ئەفغانستان و بە ئاماژەکردن بۆ بێ بەڵێنییەکانی «ترەمپ» لە مەڕ ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی، وتیشی: ئێمە متمانەمان بە ئەمریکا نییە و بەگژ ھەر ڕەوتێکیش دا دەچینەوە کە بەکرێگیراوی ئەمریکا بێت.

«مەلا عەبدولغەنی برادەر» ھەروەھا وێڕای پێداگرتن لە سەر پارێزرانی ئاسایشتی سنوورەکانی ئێران و ئەفغانستان وتی: لە داھاتووی ئەفغانستاندا تەواوی چین و ھۆزەکان دەبێ بەشدارییان ھەبێت و ڕۆڵ بگێڕن.

شاندە سیاسییەکەی تالیبان بە سەرۆکایەتیی «مەلا عەبدولغەنی برادەر» ڕۆژی سێ شەممە گەییشتە تاران و لە لایەن کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە پێشوازیی لێ کرا.

سەرپەیڤ