شوبات 17, 2021 14:22 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: ئازەربایجان قەڵای پتەوی ئێرانە لە بەرامبەر شاڵاوی دەرەکی و جیایی خوازی دا

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ، ئازەربایجانی وەک قەڵای پتەوی ئێران لە بەرامبەر شاڵاوی بیانی و جیایی خوازی ناوبرد.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، ئەمڕۆ لە دیداری ڤیدیۆیی لەگەڵ جەماوەری ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات بە بۆنەی ساڵگەڕی ڕاپەڕینی ٢٩ی ڕێبەندانی جەماوەری تەورێز، ڕایگەیاند: ئازەربایجان قەڵای پتەوی ئێران بووە لە بەرامبەر شاڵاوی دەرەکی دا. چونکو ئێمە بەردەوام لەگەڵ شاڵاوی دراوسێی دەست درێژکاردا ، چ ڕووسیای تێزاری و چ تورکیای عوسمانیی پێشوو، یان سۆڤیەتی جارا بەرەوڕوو بووینەتەوە کە دیارە ئەگەر ئازەربایجان و بە دیاری کراوی تەورێز و خۆڕاگری و گیان بەخت کردنی خەڵکەکەی نەبایە بۆی ھەبوو ئەو دەست درێژکارییانە سەر بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵاتیش بکێشن. ئازەربایجان بەربەست و قەڵایەکی پتەو بووە کە بەردەوام ئەو شاڵاوانەی بەرپەرچ داوەتەوەو پێشی پێ گرتوون.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی وتیشی: ناوچەی تەورێزو ئازەربایجان دو تایبەتمەندیی پێناسەیی نەگۆڕو ھەمیشەیی ھەبووە کە یەکێکیان داگری ھۆگریی قوڵی بەرامبەر بە ئیسلام و دیانەتی ئیسلامی و ئەوی دیکەیان خیرەت و دەیەدار بوونیان بەرامبەر بە ئێرانە. ئەمە بەردەوام لە سەردەمانی جۆربەجۆردا لە ئازەربایجان ھەبووەو ھێندە گرینگایەتییان بە ئیسلام و ئێران داوەو ھێندە خیرەتیان بۆی پیشان داوە کە بە ڕاستی بووەتە خاڵێکی زەق و ھەڵکەوتە. خەڵکی ئەم ناوچەیە بەردەوام لە بەرامبەر پیلانی بیانی و ھەوڵدانیان بۆ دابەشکردنی ئێران و خەوشاندنی سەروەریی ئەم وڵاتە وەستاون و خۆڕاگرییان نواندووە و یەکگرتوویی خاکی وڵاتیان پاراستووە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، لەم دیدارە ڤیدیۆییەدا ھەروەھا ھاتنی «مانگی ڕەجەب»ی لە تەواوی جەماوەری ئێران پیرۆز کردو فەرمووی: ھیوادارم کە ھەمووان لە بەرەکەتەکانی مەعنەویی ئەم مانگە بەھرە وەرگرن. دەی لەم مانگەدا کۆڕو کۆبوونەوە ھەیەو ئەوەی وا ھەموو ساڵێک بۆ خەڵک دەستی دەدا و کۆڕی عیبادەت و زیکریان پێک دێنا، ئەمساڵ بۆیان ڕێک ناکەوێت، بەڵام با لە ماڵەکانیاندا لە دۆعاکانی تایبەت بە «مانگی ڕەجەب» خافڵ نەبن و پەک کەوتنی کاتیی کۆڕوکۆبوونەوەکان نابێ ببێتە ھۆی ئەوەی کە ئێمە لە بەرەکەتەکانی ئەم مانگەو لە عیبادەت و دۆعاو تەوەسسول لە دەرگانەی ئیلاھی خافڵ بین و بێ بەری بکرێین.

سەرپەیڤ