کانونی یه‌که‌م 16, 2021 10:03 Asia/Tehran
  • شارەزایەکى بەریتانی: سێ جۆر بەهارات تەمەن درێژ دەکەن

شارەزایەکی بریتانیی بواری خۆراک رایگەیاند، هەریەک لە زەردەچێوە و دارچینی و جاترە تەمەن درێژدەکەن و مەترسییەکانى توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شێرپەنجە، کەم دەکەنەوە.

«جێسیکا نیبس»، شارەزای بواری خۆراک لە وڵاتى بەریتانیا ئاماژەى بەوە کردووە کە، سێ جۆر لە بەهاراتی سروشتی جەستە لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان دەپارێزن. یەکەمیان زەردەچێوەیە، کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی جەستە لە نەخۆشیی شێرپەنجە و پیربوونی پێشوەختە و تەمەن درێژدەکات.

جێسیکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە توێژینەوەکەیدا بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی رۆژانە چوار گرام زەردەچێوە دەخۆن، مەترسیی توشبوونیان بە شێرپەنجەی کۆڵۆن بەرێژەی ٤٠٪ کەم دەبێتەوە.

باسی لەوەشکردووە، دارچینیش یارمەتیی دابەزاندنی ئاستی شەکر لە خوێن دەدات و مەترسییەکانى توشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم کەم دەکاتەوە و ناهێڵێت خانە شێرپەنجەییەکانیش لەناو جەستەدا بڵاوببنەوە.

ئەو شارەزایە ئاماژەى بەوەش کردووە کە، جاترەش، یەکێکە لەو مادە خۆراکیانەی کە تەمەن درێژدەکات و کاری مێشک و بیرەوەری بەرەوپێش دەبات و مەترسی توشبوون بە زەهایمەر کەم دەکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، شارەزایان لەو بڕوایەدان، هەموو جۆرەکانی بەهارات سەرچاوەی گرنگی دژە ئۆکسانن، بەتایبەت بەهاراتە وشککراوەکان و هاڕدراوەکان ماددەی دژە ئۆکسانیان زیاترەو، مەترسییەکانی مردنی پێشوەختە کەم دەکەنەوەو، جەستە لە نەخۆشییەکانی گورچیلە و شەکرە و شێرپەنجەی ڕیخۆڵە دەپارێزن.

سەرپەیڤ