نیسان 10, 2022 13:43 Asia/Tehran
  • کام خۆراکانە دژی شێرپەنجەن ؟

لەپێناو ژیانێکی تەندروست و تەمەنێکی درێژدا، خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان و وەرگرتنی خۆراکی تەندروست بە گرنگترین هەنگاوەکان دادەنرێن، بەتایبەتیش بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییە کوشندەکانی وەک شێرپەنجە.

 

سۆزان سمیس جۆنز پسپۆڕی خۆراک و تەندروستی لە کالۆفۆرنیا، لە دیدارێکدا لەگەڵ “Fox News Digital” هەندێک لە باشترین ئەو خۆراکانەی باسکردووە، کە دەکرێت بەدوورتبگرن لە شێرپەنجە.

سەوزە

هەموو جۆرەکانی سەوزە، وەک سپیناخ برۆکلی و کەلەرمی سەوز، دەکرێت لە شێرپەنجە بتپارێزن.

هەروەها جۆنز ڕوونیکردەوە، گرنگترین خۆراک بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و قەڵەوی، سەوزەیە.

تەماتە

بۆ پیاوان، باشترین خۆراک بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پرۆستات، تەماتەیە.

هەروەها تەماتەی بچووک(هێشووە تەماتە) بە باشترین جۆر دادەنرێت، چونکە بەهایەکی خۆراکیی گەورە لە توێکڵەکەیدا هەیە.

گرنگیی تەماتە لە ماددەی “لیکۆبین”ەکەی ناویدایە، هەر ئەو ماددەیەشە ڕەنگی سووری پێدەدات.

چای سەوز

دەتوانیت بەیانیان لەبری چای ڕەش، چای سەوز بخۆیتەوە و چەندین سوودی تەندروستی بەدەستبهێنیت.

جۆنز ڕوونیکردەوە، چای سەوز تەنیا یارمەتیدەری خۆپاراستن لە شێرپەنجە نییە، بەڵکو چەند تایبەتمەندییەکی دژەڤایرۆس و دژەبەکتریاشی هەیە.

سەرباری ئەوەی گرنگە بۆ لەدەستدانی کێش و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری.

چەرەس و تۆوەکان

بادەم بە سەرچاوەیەکی گرنگی پرۆتین و ڕیشاڵ و ڤیتامین- E دادەنرێت.

جۆنز پێشنیاردەکات، بادەمەکە بە درێژایی شەو بخرێتە ناو ئاوەوە، تاکو نەرم ببێتەوە و بەها خۆراکییەکەشی زیادبکات، پاشان بادەمە خووسێنراوەکە لەگەڵ جەند پارداخێک ئاودا بهاڕدرێت و بکرێت بە شەربەت.

هەروەها تۆوی کەتانیش ڕێژەیەکی بەرزی ماددە خۆراکییە پێویستەکان بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە دەستەبەردەکات، وەک ئۆمیگا-3 و ڤیتامین-E.

ڕۆژانە چەند کەوچکێک تۆوی کەتان دەکرێت ڕەنگی پێست بکاتەوە و سیستمی بەرگری بەهێزبکات و هەوکردن کەمبکاتەوە و یارمەتیی هەرسیش بدات.