ئادار 13, 2018 12:17 Asia/Tehran
  • پاسادانەوەی سەرۆکی ئەرکانی گستیی سوپای تورکیا بۆ دەسدرێژی کردنە سەر باکووری سووریا

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا بانگەشە کرد: ئامانج لە بردنی هێزەکانمان بۆ باکووری سووریا بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و دامەزراندنی ئاشتی لەم ناوچەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی ئیرنا؛ ژەنەراڵ "حلوسی ئاکار" Hulusi Akar  کە سەردانی قەتەری کردووە ئێوارەی دووشەممە لە وتووێژ لەگەل هەواڵنێراندا وتی: ئامانجی تورکیا لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتوون لە ناچە کورنشینەکانی سووریا پاکتاو کردنەوەی ئەم ناوچانە لە بوونی تیرۆریستانە بۆ ئەوەی خەڵک ڕزگاریان بێ لە دەستی زوڵم و زۆرەی شەڕوانانی کورد.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا وتیشی: شڕوانانی کورد و چەکدارانی داعش دەچنە ڕیزی هێزەکانی پەکەکە( پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا) دژ بە سەربازانی تورکیا شەڕ دەکەن.

سوپای تورکیا  لە ٢٠ی ژانڤییەی ٢٠١٨ـەوە ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی "چڵەزەیتوون" لە شاری عەفرین لە باکووری سووریا دەست پێ کردووە. ئانکارا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی لە بەڕێوە بردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە پاکتاو کردنەوەی سنوورەکانی نیوان تورکیا و سووریا لە هەڕەشە و مەترسیی تیرۆریستانە.

تورکیا پێشتریش ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "قەڵغانی فورات" لە باکووری سووریا بەڕێوە بردبوو.

کاربەدەستانی تورکیا بڕوایان وایە گرووپە کوردییەکان لەوان پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا (پەیەدە) بە داکۆکی ژمارێک وڵاتی بیانی لەوان ئەمریکا و پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) هەوڵ دەدەن بۆ پێکهێنانی وڵات و یان ناوچەیەکی سەربەخۆی کوردنشین لە باکووری سووریا و باشووری سنوورەکانی تورکیا. ئانکارایش بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانە دەسدرێژی کردۆتە سەر خاکی سووریا.

دیمەشق بەردەوام ئۆپەراسیۆنی تورکیا و هاتنی هێزی سەربازیی ئەم وڵاتە بۆ نێو خاکی سووریای داوەتە بەر ڕەخنە و گازندەوە و بە بنپێ کرانی مافی دەسەڵاتدارێتی خۆی لە لایەن ئانکاراوە ڕاگەیاندووە.