تشرینی دووه‌م 04, 2019 16:13 Asia/Tehran
  • پەروین بوڵدان: حکومەتی تورکیا لەهەوڵی ئەوەدایە جیهانێکی بێ کورد بێنێتەدی

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) لە لێدوانێکدا بەڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا لەهەمبەر کوردەکاندا، ڕایگەیاند: حکومەتی تورکیا لەهەوڵی دروست کردنی جیهانێکی بێ کوردە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە لێدوانێکدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا لەهەمبەر کوردەکاندا وتی: "ئەو سیاسەتەی ئیرادەی گەلی کورد پشت گوێ دەخا، سیاسەتێکی سەرکەوتوو نابێ. هەرگیز لەهەمبەر ستەمدا چۆکمان دانەداوە. هەرکارێکیش کە بکەن هەدەپە ناڕووخێ و ناکەوێ . هەرچیەک کە بکەن بێدەنگن نەبووین وناشبین. ملکەچ نەبووین وملکەچ نابین".

بەپێی نووسینی ڕۆژنامەی دیوار، بوڵدان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەدەپە تەنیا پارتێکە کە لەتورکیا نەیاری شەڕە. تەنیا پارتێک کە لەهەمبەر سیاسەتی شەڕخوازانەی لە عەفرین دەس پێ بوو و لەباکوری سوریا درێژەی هەیە، ئێمەین. ئێمە دەزانین کە هەموو شتێک بە ژیان کردن و ژیان بەخشین بەدەست دێ نەک بە کوشتن و مردن. ناردنی هێزی چەکداری تورک بۆ باکوری سوریا و هەوڵدان بۆ داگیرکردنی ناوچەکان، بەهیچ لەونێک قەبووڵکراو نییە".

بوڵدان هەروەها وتی: "هەوڵیانە جیهانێکی بێ کورد ڕۆبنێن. لەهەر شوێنێک کوردێک هەبێ، هەوڵ دەدەن ڕێ بە هەناسەدانی بگرن. هەم لەناوخۆی وڵات و هەم لە دەرەوەی وڵات ئەو کارە دەکەن. ئاگادارین کە بۆ ئەو مەبەستەش چوونە باکوری سوریا. خەڵکی تورکیا لەبەردەم سندوقەکانی دەنگدان وەڵامیان دەدەنەوە و هەر هزرێکی شەڕخوازانەو سەرکوتکارانە لەنێو سندوقەکانی دەنگدان دەنێژن.