کانونی یه‌که‌م 04, 2019 08:44 Asia/Tehran
  • مەکرۆن : بەرپرسایەتی قسەکانم لەبارەی ناتۆ دەگرمە ئەستۆ/تورکیا هاوکاریی واسیتەکانی داعش دەکا

ئێمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕانسە، بەئاماژە بەوەی کە بەرپرسایەتی لێدوانەکەی لەبارەی "مەرگی مێشکی"یی پەیمانی ئەتلەنتیکی باکور دەگرێتەئەستۆ، خوازیاری ڕوونبوونەوەی ستراتژیای ناتۆ بوو.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیسنا بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی سپۆتنیک، پاش رەخنەو گازندەی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لێدوانی مەکرۆن سەبارەت بە ناتۆ، رۆژی سێ شەممە پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی سەرۆکانی ناتۆ لە لەندەن، سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوشانە ئەمریکییەکەی ، داکۆکی کرد لە قسەکانی سەبارەت بە مەرگی مێشکیی ناتۆ.

ناوبراو بەئاماژە بەوەی کە ئەمڕۆکە بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم، پێناسەیەکی ڕوونی بۆنییە، داوای لە ئەندامانی ناتۆ کرد، لەسەر پێناسەیەکی ڕوون لەبارەی ئەو پرسە، پێکەوە ڕێککەون.

مەکرۆن هەروەها بەڕەخنەگرتن لە بەرەوڕووبوونەوەی ئانکارا لەدژ کوردانی هاوپەیمانی ئیئتلافی نێودەوڵەتی لەسوریا، وتی: "کاتێک کە دەڕوانمە تورکیا بۆم دەردەکەوێ کە ئەوان لەگەڵ کەسانێکدا لەشەڕدان کە هاوڕێ لەگەڵ ئێمەدا خەباتیان کردووە".

سەرۆک کۆماری فەڕانسە هەروەها تورکیای تاوانبارکرد کە بڕێک جار هاوکاریی واسیتەکانی داعش دەکا.

ناوبراو هەروەها خوازیاری وتووێژی ستراتژیکی "بێ ساویلکەیی" بوو لەگەڵ ڕووسیادا لەپێناو کەم کردنی شەڕو پێکدادانەکان.

بەم حاڵەوە مەکرۆن پێشکەوتن لەمەڕ چارەسەریی قەیرانی ئۆکراینی وەک پێش مەرجی ئەو وتووێژانە دانا.

مەکرۆن بەئاماژە بە چوونەدەری واشنگتۆن و مۆسکۆ لە پەیمانی سیستەمی ئەتۆمیی نێوانبڕ، پێی داگرت لەسەر پێویستیی ڕێککەوتنێکی نوێ لەوبارەوە بۆ دەستەبەریی ئاسایش لە کیشوەری ئوروپا.