کانونی یه‌که‌م 04, 2019 16:19 Asia/Tehran
  • پەروین بۆڵدان: ئەوەی وا تورکیا پێویستی پێیەتی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە

پەروین بۆڵدان ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە لێدوانێکدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی دا پێی داگرت:ئەوەی وا تورکیا پێویستی پێیەتی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی کورد پرێس، پەروین بۆڵدان ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەماندا قسەی دەکرد، لە وتەگەلێکدا وێڕای ئاماژە کردن بە باری تەندروستیی سەلاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتەکەیان لە بەندیخانە، وتیشی: دوابەدوای ئەو خۆ تێگەیاندنی پارتەکەی ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە دەمیرتاش بۆ پشکنینی پزیشکی گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. پشکنین و تاقیکاریی پێویستی بۆ کراوەو لە ئێستادا باری تەندروستییەکەی ھێندێک باشترە و لە نزیکەوە بەدوادچوونیشی بۆ دەکات.

بە پێی نووسینی ڕۆژنامەی «ئۆرێسێل»،پەروین بۆڵدان ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە درێژەی وتەکانی دا پێی داگرت: لە ئێستادا ئەوەی وا تورکیا پێویستی پێیەتی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە. ڕاپسکان لە دەستەڵاتی سیاسی و دەست پێ بوونی ھەوڵی ئامادە کردنی یاسای بنەڕەتیی تازە بۆ تورکیا و دەست پێ بوونی ڕەوتی مەزنی دیموکراتیزە کران لە تورکیا دەبێ بکرێتە ئەولەوییەتی ژمارە یەک بۆ تەواوی لایەنە دیموکراتەکان لە وڵات. ئێمە بە دڵنیاییەوە لەم دەستەڵاتە سیاسییە دەرباز دەبین.

بۆڵدان وێڕای ئاماژە کردن بە گیران و زیندانی کرانی ئەندامانی ھەدەپەش وتی: نزیکە لە نیوەی ئەندامانی ھەدەپە لە بەندیخانەدان. پۆلیس و دادئەستێنەکانی پارتی دادوگەشە بە فەرمی خەریکی داپڵۆساندنی ھەدەپەن. تاوانبارە ڕاستەقینەکان لە دەرەوەی بەندیخانەکاندان و کەچی بەداخەوە ئەوانەی وا خوازیاری ئاشتی و دیموکراسین لە بەندیخانەدا ڕاگیردراون.

ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە وتەکانی دا تیشکی خستە سەر ھێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر باکووری سووریاش و وتی: لە ئۆپراسیۆنی کانیی ئاشتی خەڵکی سڤیل دەکرێنە ئامانج و ناچاریان دەکەن پەنا بۆ وڵاتانی دیکە بەرن، ھێزەکانی سوپای ئازادی سووریا کە بووەتە ڕێکخراوەیەکی دڕندەو تاوانکار لە باکوورو ڕۆژھەڵاتی سووریا ڕۆژ نییە تاوانێک نەخولقێنێ. دڕندەکارانی سوپای ئازادی سووریا مرۆڤەکان لە ماڵەوە دەر دێنن و لە ناوەڕاستی شەقامەکاندا دەیانکوژن.