May 24, 2020 11:22 Asia/Tehran
  • خەڵاتی مافی مرۆڤ ئاراستەی  سەرۆک شارەوانی زیندانی‌کراوی ئامەد کرا

خەڵاتی مافی مرۆڤ، ئاشتی و دیموکراسی بە یادی سوینچ ئۆزگونەر بە دوکتۆر سەلجووق میرزاکلی سەرۆک شارەوانی لە سەر کار لابراوە و زیندانی کراوی ئامەد بەخشرا.

 

بە  پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر, خەڵاتی مافی مرۆڤ، ئاشتی و دیموکراسی بە یادی سوینچ ئۆزگونەر کە هەموو ساڵێک دەبەخشرێتە پزیشکێکی ناسراوەی تورکیا، بۆ ئەوساڵ ئاراستەی  دوکتۆر سەلجووق میرزاکلی  سەرۆک شارەوانی لە سەر کار لابراوە و زیندانی کراوی ئامەد کرا.

موراد ئەکمەز سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی ئەستەنبۆڵ لە لێدوانی کرانەوەی ئاهەنگی ئەو خەڵاتە بۆ ساڵی ٢٠٢٠، وێرای نرخاندنی یادی ئۆزگونەر، وتی: ئەوڕۆ بە قۆناغێکی فاشیستی دیکەدا تێدەپەڕین. لە سەردەمێکدا دەژین کە ئەوانەی بۆ دیموکراسی تێدەکۆشن لە زیندان دەخرێن. هەر بۆیە خەڵاتی ئەوساڵمان ئاراستەی سەلجووق میرزاکلی دەکەین. هیوادارین ئەو خەباتەی لە پێناو دیموکراسی گرتوویەتییە بەر، بە ئازادی خۆی و هەزاران زیندانی سیاسیی وەک خۆی کۆتایی پێ بێت و ئەو هەلە بڕەخسێت کە خەڵاتەکەی لە نزیکەوە پێشکەش بکەین.

شایانی باسە، سوینچ ئۆزگونەر پزیشکی ددانی تورک و چالاکی سیاسی تورکیا لە قۆناغی تاریکی دەیەی ٨٠ لە لایەن کەسانێکی نەناسراوە و لە ژێر ناوی پۆلیس لە ماڵی خۆیدا تیرۆر کرا. ئۆزگونەر بەر لە تیرۆر چەندین جار بە تاوانی ئەندامێتی لە پارتە کۆمۆنیستییەکان دەستبەسەر و زیندانی کرا بوو.