کانونی دوھەم 22, 2021 04:17 Asia/Tehran
  • یەکێتیی ئەوروپا مەرجی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ دەخاتەوە بەردەم تورکیا

یەکێتیی ئەورووپا لە وەڵامی ھەوڵی کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا بۆ پێ و شوێن گرتنی پرسی ئەندامەتی لەو یەکێتیەدا ھەمیسان خراپیی ڕەوشتی مافی مرۆڤ بەڕووی ئەو وڵاتەدا دەدەنەوەو باسی ئەوە دەکەن کە، ئەگەر ھۆگری ئەندامەتیت ، دەبێ ڕێز لە مافی مرۆڤ بگریت.

«هیلینا دالی» ئەندامی لێژنەی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە جەختی لەسەر پرسی «ڕێزگرتنی دەوڵەتی ئانکارا لە مافی مرۆڤ» کردەوەو وەک لایەنێکی گرنگ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەوروپا و تورکیا باسی کرد.

ئەو هەڵوێستەی ئەوروپا هاوکات بوو لەگەڵ دەست پێکرانی گفتوگۆکانی نێوان «جۆزێپ بۆرڵ» بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاو «مەولود چاوش ئۆغلۆ» وەزیری دەرەوەی تورکیا  لە برۆکسێڵ.

ھەر لەم پەیوەندییەش دا «جۆزێپ بۆرڵ» بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ «مەولود چاوش ئۆغلۆ» وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: لەگەڵ  وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوتوێی دۆخی مافەکانی مرۆڤیان لەو وڵاتەدا  کردووە.

ھەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا «چووش ئوغلو»ش وتی، پێویستە تورکیا و یەکێتی ئەوروپا هەنگاوی کرداری بنێن لەپێناو پارێزگاری لە دۆخی ئەرێنیی نێوانیان.

جێگای ئاماژەیە بڕیارە بەم زووانە یەکێتیی ئەوروپا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەوروپی-تورکی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوانیان ئەنجام بدات و پێ دەچێت بابەتگەلێکی وەک دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تورکیا دەستێوەردانی تیادا دەکات و ڕەوشتی نێوخۆو بەھەند نەگرتنی مافی مرۆڤ لە تورکیاو لە زینداندا بوونی کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لەوانە «سەلاحەددین دەمیرتاش» ھاوسەرۆکی پێشووی «پارتی دیموکراتی گەلان» کە ھەتا ئێستا ئەورووپا چەندین جار داوای ئازاد کرانی کردووە ، لەو تەوەرانەی وتووێژەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و دەوڵەتی تورکیا بێت.

سەرپەیڤ