تشرینی یه‌که‌م 13, 2021 21:04 Asia/Tehran
  • ھێرشی تیرۆریستیی داعش بە ھاواھەنگیی دەوڵەتی ئانکارا

میدیاکانی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە نووسیان: ڕاپۆرتێکی نھێنییی دامەزراوەی ھەواڵگریی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەی لە قاو داوە کە پارتی دەستەڵاتداری دادو گەشەی تورکیا دوو چەکداری تیرۆریستی داعشی بۆ ئەنجام دانی ھێرشی ڕەشەکوژانە لە ئانکارادا بەکار ھێناوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، بە پێی ڕاپۆرتی ئەم دامەزراوە ھەواڵگرییەیی یەکێتیی ئەورووپا کە لە میدیاکانی تورکیادا بڵاو بووەتەوە، دەوڵەتی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» دوو ئەندامی داعشی بۆ ئەنجام دانی ھێرشە تیرۆریستییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لە نێو خۆپیشاندەراندا لە ئانکارای پێتەختی تورکیا ڕاسپارد بوو. لە ئەنجامی ئەو ھێرشە خۆکوژانەی تیرۆریستییەدا کە خراپترین ھێرش بووە لە مێژووی ھاوچەرخی تورکیادا، ئەو دوو تیرۆریستەی داعش خۆیانیان لەنێو خۆپیشاندانی ئاشتیانەی خەڵک لە ئانکارادا تەقاندەوە کە ئەمەش کوژرانی ١٠٣کەسی لێ کەوتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان، لەو کاتەدا دەوڵەتی تورکیا داعشی بە ئەنجام دانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە  تۆمەتبار کرد، کەچی ئەو تاقمە تیرۆریستییە قەت بەرپرسایەتیی ئەو تەقینەوەیەی نەگرتە ئەستۆ.

پارتی دیموکراتی گەلان«ھەدەپە» کە پارتێکی سەربە کوردانی تورکیایە حکومەتی ئەو وڵاتەی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەو ھێرشەی دژی ئەم پارتەو لایەنگرەکانی ئەنجام داوە.

کاربەدەستانی دادەڤانیی تورکیا ٢٦ کەسی بە دەست ھەبوونیان لەو ڕووداوەدا تۆمەتبار کرد کە ھێندێکیان لە پێواری خۆیاندا دادگایی کران و ٩ کەسی دیکەش لە ساڵی  ٢٠١٨ دا زیندانی ھەتا سەریان بۆ بڕایەوە.

تورکیا ھەر لە مێژەوە بە تایبەت لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ھێندێک لە تاقمە تیرۆریستەکان لە سووریادا ھەیەو بۆ یارمەتی دانی دراڤی و چەکەمەنیانەیان لە ھیچ ھەوڵدانێک درێخی ناکات.

سەرپەیڤ