ته‌مووز 13, 2018 18:40 Asia/Tehran
  • رەخنەو گازندەی توندی ترەمپ لە گەڵاڵەی برگزیت پاش گەیشتنە ئینگلیزو خۆپێشاندانی بەرفراوانی نەیارانی ترەمپ لەو وڵاتە

سەرۆک کۆماری ئەمریکا هاوکات لەگەڵ ئەوەی گەیشتە بریتانیاو ڕەخنەی گرت لە گەڵاڵەی سەرۆک وەزیرانی ئەو ولاتە سەبارەت بە برگزیتیش وتی: ئەو گەڵاڵەیە خەیانەت بە دەنگدەرانی ئینگلیزی بوو و بێتوو جێ بەجێ بکرێ، لەوانەیە کۆتایی بێنێ بە پەیوەندیە بازرگانییە گرینگەکانی ئینگلیزو ئەمریکا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە پاش کۆتایی کۆبوونەوەی سەرانی ناتۆ لە بروکسل گەیشتە شاری لەندەن لەدیمانە لەگەڵ رۆژنامەی ئینگلیزیی سان، وتی: جێ بەجێ کرانی گەڵاڵەی بەناو"برگزیتی نەرم" لەوانەیە ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەبەین ببا و کۆتاییش بێنێ بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا وئینگلیز.

ترەمپ وتی: پێش لەوە، لەبارەی برگزیت چەند ڕاسپێریەکم بە ترێزا مەی کردبوو بەڵام ناوبراو گوێی نەدایە ئەو ڕاسپێریانە.

ترەمپ لەبارەی پرسی کۆچبەریی لە ئوروپاش وتی: ئەوەی کە ئوروپا ڕێگەی بە کۆچبەران داوە لەو کیشوەرەدا نیشتەجێ ببن، جێی شەرمەزارییە.

ترەمپ شەوی پێنج شەممە لە کۆشکی"بلنهایم" لە ئاکسفۆردشایر لەئێوارەخوانی فەرمیی سەرۆک وەزیرانی ئینگلیز بەشدار بوو.

ترەمپ و شاندی هاوڕێی بە کۆپتەر چوونە کۆشکی بلنهایم و گرووپی جۆراوجۆری ناڕازی لە شوێنەکانی ڕێگای گەشت لێدانی ناوبراو پارچە نووسراوەی ناڕەزایەتیان پێشان دا کە لەسەریان نووسرابوو، ترەمپ بەخێرنەهاتی.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەسەفەر بۆ لەندەن بۆ ئەوەی بەرەوڕووی ناڕەزایەتی توندی نەیارانی نەبێتەوە، بۆ سەردان و دیدارەکانی لە لەندەن بە کۆپتەر سەردانی ناوچە جیاجیاکانی لەندەن دەکا.

نەیاران و ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ، بەرنامەو پلانی بەرفراوانیان بۆ سازدانی خۆپێشاندانی ناڕەزامەندانە لەڕەوتی سەفەری ترەمپ بۆ لەندەن ئامادە کردووە.

نەیارانی ترەمپ لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە خۆپێشاندانەکانیان لە لەندەن و سکاتلەند دەس پێ کرد . هەروەها ژمارێکی زۆر لەنەیارانی ترەمپ لەنزیک پارکی "ریجنت"ی لەندەن و دەورووبەری باڵوێزخانەی ئەمریکا گردبوونەوە.