ئه‌یلوول 11, 2019 17:05 Asia/Tehran
  • مادۆرۆ : بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازی بۆ پاراستنی کەوشەنی ڤەنزۆئێلایە

سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئێلا، وتی: ئامانج لە بەڕێوەچوونی مەشقی سەربازی لە سنوری کۆلۆمبیا، پاراستنی کەوشەنی ڤەنزۆئێلا یە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی سپۆتنیک؛ "نیکۆلاس مادۆرۆ" سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئێلا رۆژی چوارشەممە وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە حکومەت و سوپای ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی گیانی شارومەندانی ڤەنزۆئێلایی ئامادەیی تەواویان هەیە، وتی: "مەشقی سەربازی لەسنوری کۆلۆمبیا بەئامانجی پاراستنی کەوشەنی ڤەنزۆئێلاو نەک هەڕەشە لە وڵاتانی دیکە خەریکە بەڕێوە دەچێ."

سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئێلا وتی: لەبارودۆخێکدا کە پێویستیمان بە پاراستنی شارومەندانمان  هەبێ لەڕێی چەکئامێرەوە،  ڤەنزۆئێلا تەواو ئامادەو تەیارکراوە.

نیکۆلاس مادۆرۆ حەوتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە دە هەتا بیستی سیپتەمبەر چەند مانۆڕ و مەشقی بەرفراوان لەنزیک سنوری کۆلۆمبیا بەڕێوە دەباو ڤەنزۆئێلا کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕ، سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی لەسنوری کۆلۆمبیا جێگیر دەکا.

حکومەتی ڤەنزۆئێلا، کۆلۆمبیای تۆمەتبار کردووە بە هێنانەدی گرووپێکی میلیشیا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی حکومەتی ڤەنزۆئێلاو ڕایگەیاندووە کە بەڵگەو سەنەدەکانی ئەو دۆسییە دەنێرێتە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان. ڤەنزۆئێلا، حکومەتی ئەمریکا بەلایەنگری نەیارانی رۆژاواخواز و هۆکاری قووڵبوونەوەی کێشەو گرفت لەو وڵاتەی ئەمریکای لاتین دەزانێ.