تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 18:20 Asia/Tehran
  • وشداری دانی کرملین بە تورکیا

وتەبێژی سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە بارەی شوێنھاتی ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە سووریاو بەرەڵڵا کرانی تیرۆریستانی داعش لە شەڕگەکان و دەستەڵات گرتنەوەی دووبارەیان لە سووریادا وشداریی دا.

دمیتری پسکۆف وتەبێژی سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: بەرەڵڵا کرانی تیرۆریستانی داعشی لە بەندیخانەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریا بۆی ھەیە شوێنھاتی ھەرە نگریس و نەرێنیی لێ بکەوێتەوە.

ناوبراو جەختیشی کردووەتەوە کە : بێ گومان ئەم بابەتە دەتوانێ گەلێک وەیشومەو نەرێنی بێت بەڵام ئێمە نازانین لە ئەنجام دا چ ڕوو دەدات.

ھێزەکانی سوپای تورکیا سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ شەممە بەرەو سنوورە ھاوبەشەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ سووریا بۆ دەست پێ کردنی ھێرشێکی بەربڵاوی سەربازی بۆ سەر باکووری سووریا وەڕێ کەوتن.

لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەم بڕیارەی تورکیا ، داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پاش پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوتا تورکەکەی فەرمانی ھەڵاتنی ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریای دەرکرد.

دمیتری پسکۆف وتەبێژی سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە بارەی دەخسانی ھەلی دانوستانی کوردانی سووریا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی ئەم وڵاتەش جەختی کردووە کە، ئەم بابەتە گەلێک گرینگە و کرملین بە تەفەڕنجەوە بەدودا چوونی بۆ دەکات.

جێگای ئاماژەیە کە سەرچاوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند:مۆڵ درانی ھێزەکانی تورکیا لە سنوورەکانی سووریا،« پێشێلکرانی ئاشکرای مافی نێونەتەوەیی و ئەو بڕیارنامانەی ئەنجومەنی ئاسایشتە کە جەخت لە سەر ڕێزنان لە سەروەری و دەستەڵاتی سووریا دەکەن لەم ئاراستەیەدا و دەوڵەتی دیمەشق وێڕای پێداگرتن لە سەر پارێزرانی سەروەری و دەستەڵاتی سووریا و ھەروەھا لێبڕان بۆ بەرپەرچ دانەوەی دەست درێژکارییەکانی تورکیا بە ھەموو کەرەستەو توانایەکی ڕەوا، لە سەر ئامادە بوونی بۆ لەکۆش گرتنی ھەڵخەڵەتاوانیش پێ دادەگرێت.