کانونی یه‌که‌م 08, 2019 13:47 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ترەمپ بەرامبەر بە ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی کۆریای باکووری: ھەڵبژاردنم لەپێش دایە

سەرۆک کۆماری ئەمریکا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکووری بە ھەرەباش نرخاندو وتی کە پێی وا نییە لە ساڵێکدا کە ھەڵبژاردنی لەبەردەم دایە ھیچ ھەنگاوێکی دوژمنکارانە ھەڵگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی فارس ، داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئێوارەی ڕۆژی شەممە حەوتەمی دیسامبەر لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران وتی: من پەیوەندییەکی ھەرە باشم لەگەڵ «کیم جونگ ئون» ی ڕێبەری کۆریای باکووری دا ھەیە و ئەگەر «پیونگ یانگ» ھەنگاوێکی دوژمنکارانە ھەڵبگرێت، پێم سەیر دەبێت.

ترەمپ وتیشی: کیم بۆخۆی دەزانێت کە من  ھەڵبژاردنم لەپێش دایە و لەوەناچی بیانەوێ خۆیانی تێوە وەردەن.

ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدا دەکرێت کە «کیم سانگ» نوێنەری کۆریای باکووری لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە حەوتەمی دیسامبەر داخوازیی ئەمریکا بۆ دانوستانی ڕەت کردەوە.

کۆریای باکووری ھەروەھا بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەش تاقیکارییەکی موشەکیانەی لە شوێنی ھاویشتنی سەتەلایتی «سوھا» ئەنجام دا کە کاربەدەستانی ئەمریکی پێشتر وتبوویان پیونگ یانگ بەڵێنی تێکدانی ئەو بنکەیەی داوە.

«کیم جونگ ئون» ی ڕێبەری کۆریای باکووری مۆڵەتی کۆتایی ئەمساڵ واتە ٢٠١٩ی بۆ دانوستانی گەییشتن بە ڕێککەوتنی داماڵینی چەکی ناڤۆکی لەگەڵ ئەمریکا دیاری کرد بوو، کەچی ئەم دانوستانە لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە پەکی کەوت و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان واشێنگتۆن و پیونگ یانگ توندتر بووەوە.

پیونگ یانگ ڕایگەیاندووە کە ھەتا ئەو کاتەی کە ئەمریکا کۆتایی بە سیاسەتی ستراتژیانەی خۆی بۆ ڕوخاندنی حکومەتی کۆریای باکووری نەھێنێ، لە بەرنامەی موشەکی و ناڤۆکیی خۆی ناکشێتەوە.

سەرپەیڤ