ڕاگەیاندنی زیانی قورسی مانگرتنەکان لە فەرەنسا
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا ڕادەی زیانی مانگرتن و ناڕەزاممەندی دەربڕینەکان بەرامبەر بە چاکسازیی لە سیستێمی خانەنشینیی ئەم وڵاتەی بە زیاتر لە ملیاردێک یۆرۆ خەمڵاند.
بەپێی ڕاپۆرتی یانەی پەیامنێرانی لاو،نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: ناڕەزامەندی و مانگرتنی جەماوەری ئەم وڵاتە ھەتا ئێستا ٨٥٠ ملوێن یۆرۆ بە ڕێگای ئاسن و ٢٠٠ ملوێن یۆرۆش بە کەرتی گواستنەوەی نێو شار زیانی گەیاندووە.
بەم پێیە لە ماوەی چل و دوو ڕۆژی ڕابردوودا فەرەنسا لە بەر ناڕەزامەندیی بەربڵاو بەرامبەر بە گۆڕدرانی سیستێمی خانەنشینی مانگرتن و خۆپیشاندانی جۆربەجۆری بەخۆیەوە بینیوە.
زیاترین نمونەی مانگرتنیش لە کەرتی ڕێگای ئاسن و پاشان گواستنەوەی نێوشار بووە لەم وڵاتەدا کە بوو بە ھۆی لەگۆ کەوتنی میکانیزمی گواستنەوەی گشتی و ناڕەزامەندیی بەربڵاوی خەڵک.
چەقبەستوویی دانوستانی نێوان سەندیکاکانی کرێکاری و بازرگانیی فەرەنسا لەگەڵ دەوڵەت، لەمەڕ سیاسەتە ئابوورییەکان بە تایبەت ھەموار کردنی سیستێمی خانەنشینی ھەروا بەردەوامە و ھەردووک لا بە ھیچ ڕێککەوتنێکی ئەوتۆ نەگەییشتوون.